ئەمڕۆ چوارشەممە سێ ساڵ بەسەر هێرشە کوشندەکەی حەماس و چەکدارانی تری فەڵەستینی بۆ سەر ئیسرائیل تێپەڕ دەبێت، کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزا کەس و سەرەنجام شەڕی وێرانکەری غەززە.
کاتژمێر شەش و 29 خولەکی بەیانی لە ڕۆژی 7ـی دەی 2023، چەکدارانی فەڵەستینی بە ڕێبەرایەتی حەماس هێرشیان کردە سەر کۆمەڵگاکانی ئیسرائیل و بۆنەیەکی میوزیک لە سەر سنووری غەززە، زیاتر لە هەزار و 200 کەسیان کوشت و سەدانیان بریندار کرد و 251 کەسیشیان بە بارمتە برد. لە ناو ئەو قوربانیانەدا سەدان خەڵکی مەدەنی لە منداڵ، ژن و کەسانی بەساڵاچوو هەبوون.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تاجەگوڵینە لە شوێنی یادەوەریی قوربانیان دادەنێت.
ئەم ڕووداوە لە ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەرفراوان یادی کرایەوە، بە زنجیرەیەک ڕێوڕەسم و چالاکیی ناڕەزایەتی لە زیاتر لە 400 شوێن و ناوچەی ئەو وڵاتە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ لە شاری ئۆرشەلیم بەشداری لە مەراسیمێکی ڕێزلێنان بۆ قوربانییەکان کرد و وتی، "سێ ساڵ دوای دەستپێکردنی شەڕ، ئیسرائیل ئێستا لە هەرکاتێک زیاتر بەهێزە."
نەتانیاهۆ دواتر لە کۆبوونەوەیەکی حکومەتەکەیدا ڕایگەیاند، لە ڕۆژی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەردا 6 هەزار چەکداری حەماس دزەیان کردە ناو ئیسرائیل و سوپای ئەو وڵاتە توانی 4 هەزاریان لێ بکوژێت. وتیشی، "لە کۆتاییدا دەستمان دەگاتە هەموو ئەو چەکدارانە."