پاکستان و تورکیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی بەرگری مەککەدا هێزی سەربازی دەنێرن بۆ سعودیە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش لە بەیاننامەیەکدا هۆشداریی دەداتە هاوڵاتییەکانی کە لە ئەگەری ئاڵۆزبوونی دۆخی ئاسایشی ناوچەکە ئاگاداربن.
هێرشی حوسییەکان بۆ سەر سعودیە ڕوو لە زیادبوونن و ئێوارەی دووشەممە هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەکانی شا عەبدوڵا لە جازان و فڕۆکەخانەی نەجران. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا سێ کەس برینداربوون کە بە گوێرەی دەستەڵاتدارانی سعودییە سەختی برینەکانیان جیاوازە.
شایانی وتنە، لەماوەی مانگی رابردوودا دووجار زەنگی ئاگادارکردنە لە مەککە لێدراوە بەهۆی ئەگەری هێرشی مووشەکییەوە بۆ سەر پیرۆزترین شاری مسوڵمانان.
هەر سێ وڵاتی بەشداری ڕێککەوتنی مەککە ڕۆژی دوو شەممە لە ڕیازی پایتەختی سعودیە کۆبونەوەیەکی کتوپڕیان ئەنجام دا، تێیدا کۆمیتەی باڵای ڕێککەوتنەکە بڕیاری دا بە ناردنی هێزی پاکستان و تورکیا بۆ سعودیە بۆ پشتیوانیکردنی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە لە دژی هێرشی حوسییەکان.
لە بەیاننامەی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، "کۆمیتەکە بڕیاری دا دەستبەجێ بە شێوەیەکی پراکتیکی پابەندبوونی بەرگریی پێکەوەیی کارا بکات و ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر بۆ دابینکردنی هێز و توانای سەربازی بە گوێرەی ڕێککەوتن و زامنکردنی ناردنی بەپەلەیان بۆ شانشینەکە."
دیمەنی ساتی هێرشێکی چەکدارانی حکومەتی یەمەن بە هاوپەیمانیی سعودیە لە ڕۆژی 5ـی دەی 2026 بۆ سەر حوسییەکان لە پارێزگای تایز.
لە لایەکی ترەوە ڕۆژی دووشەممە مارۆکۆ روبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە لەندەن ڕایگەیاند کە ئەمەریکا پابەندە بە وابەستەییە ئاسایشییە دووقۆڵییەکەی لەگەڵ سعودیە و وتی "ئەمەریکا ڕێککەوتنی بەرگری و ئاسایشی لەگەڵ سعودیە هەیە و بەنیازیشین پابەندی بین."
هاوکات دوێنی دووشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەیاننامەیەکی هۆشداریی بۆ هاوڵاتییەکانی دەکرد و تیایدا هاتووە کە بەهۆی بەردەوامیی دۆخی ئەمنیی لە سعودیە و ئەگەری ڕوودانی هێرشی درۆن و موشەک "زۆر بە توندی هانی هەموو هاوڵاتییە ئەمەریکاییەکان دەدەین چاپووک بن و پەیڕەوی ڕێنماییەکانی هۆشدارییە نیشتمانییەکان بن کە وەزارەتی بەرگری مەدەنی سعودیە دەریان دەکات."
'ڕێککەوتنامەی بەرگریی هاوبەشی مەککە' لە 7ـی هەشتی 2026 لەلایەن سەرکردەکانی عەرەبستانی سعودی و تورکیا و پاکستانەوە واژۆ کرا کە رێککەوتنێکی ئاسایشییە بۆ دامەزراندنی چوارچێوەیەک بۆ بەرپەرچدانەوەی هاوبەش و بەرگریی هاوبەش لەنێوان هەر سێ وڵاتدا.
لە هەمان کاتدا سعودیە ڕێککەوتنی دوقۆڵیی لەگەڵ ئەمەریکاش هەیە بەناوی 'ڕێککەوتنی بەرگریی ستراتیژی ئەمەریکا و سعودیە'، کە ڕێکەوتنێکی گەورەی سەربازیی و ئابورییە، مانگی یازدەی 2025 لەنێوان سەرۆک دۆناڵد ترامپ و محەمەد بن سەلمانی شانشینی سعودیە لە کۆشکی سپی واژۆکرا.