ئەمەریکا چاودێری مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی تاعوون لە ڕووسیا دەکات

حکومەتی ئەمەریکا ڕایگەیاند چاودێری گومانی تۆمارکردنی حاڵەتی تاعوون لە ناوچەی ئیرکووتسکی ڕووسیا دەکات، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو کارمەندێکی توێژینەوە لەسەر تاعوون گیانی لەدەست دا و نزیکەی 189 کەس خرانە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سێشەممە لە رێکەڤیکی پایتەختی ئایسلەندا وتی ئەمەریکا "زۆر لە نزیکەوە" چاودێریی دۆخەکە دەکات و وتیشی "ئەرکە لەسەر ڕووسیا بە ڕوونی زانیاریی لەگەڵ جیهان هاوبەش بکات."

بە پێی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان، کارمەندێک لە تاقیگەی توێژینەوە لەسەر تاعوون لە هەرێمی سیبیریا نەخۆشکەوت و لە دۆخێکی نادیاردا رۆژی هەینی گیانی لەدەست دا. ئەوەش بووە مایەی کەرەنتینەکردنی دەیان کەسی تاقیگەکە و ترس و دڵەڕاوکێی لەناو خەڵکی وڵاتەکە بڵاو کردەوە.

هەندێک لە میدیای ناوچەیی دەڵێن کارمەندەکە پێشتر بۆرییەکی تاقیکردنەوەی شکاندووە کە بەکتریای تاعوونی تێدا بووە، بەڵام ئەمە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

دەستەڵاتدارانی مۆسکۆ بڵاویانکردووەتەوە کە توێژەرەکە بە هەوکردنی سییەکان گیانی لەدەست داوە و هیچ مەترسییەک لەسەر هاووڵاتیان نیە.

بە گوێرەی ماڵپەڕی ئاکسیۆس، بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتی ترامپ گوتوویەتی ئەمەریکا "ئاگادارە، نەخۆشییەکە چاودێری دەکات و هەڵبژاردەکان هەڵدەسەنگێنێت."

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) دەڵێت هۆکاری مردنەکە هێشتا بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە و تاقیکردنەوەی تاقیگەیی بەردەوامە. هەموو پەیوەندیدارەکان ناسراونەتەوە و هیچیان نیشانەی نەخۆشییان نییە، و ڕێکخراوەکە مەترسی بۆ گشت دانیشتووان بە کەم هەڵدەسەنگێنێت.