هێزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوو ژنی کوردی وەرزشکاری خەڵکی شاری سەقزیان دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستونەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤی هەنگاو و تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، هێزەکانی ئێران ڕۆژی شەممە و یەکشەممەی ڕابردوو هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئایدا قادری، ڕاهێنەری مەلەوانی و ڕۆژان ئیبراهیمی، وەرزەشەوانی هونەری جەنگی تێکەڵاو و هەردوو ئەو ژنە گەنجە تەمەن 20 ساڵانەیان دەستبەسەر کردوون و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستونەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هێزەکانی حکومەت ئەو دوو وەرزشوانەیان بەبێ ئەوەی هیچ فەرمانێکی دادوەرییان هەبێت، دەستگیرکردووە و تائێستا هیچ زانیارییەکیان نەداوەتە خێزانەکانیان سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان و ئەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵیان، یاخود شوێنی دەستبەسەرکردنیان.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی هەنگاو لە ماوەی مانگی سێپتەمبەری ئەمساڵدا لانیکەم 17 ژن لە ئێران دەستبەسەر کراون کە 7 کەسیان کورد بوون.