خەڵاتی نۆبڵی ئەمساڵ بۆ پزیشکی بەخشرایە کارڵ دیسرۆتی ئەمەریکایی و پیتەر هێگمان و جۆرج ناگڵ لە ئەڵمانیا بەهۆی دۆزینەوەکانیان لەبارەی ڕووناکی و ئۆپتۆجینێتیک کە یارمەتیدەر بووە بۆ باشتر تێگەیشتن لە چۆنییەتی کارکردنی مێشک.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە ئەنجوومەنی نۆبڵ لە سوید ڕایگەیاندووە کە ئەو سێ کەسە بۆ دۆزینەوەکانیان دەربارەی "کەناڵە ئایۆنییە نورییەکان و ئۆپتۆجینێتیک" هەڵبژێردراون.
تۆماس پێرلمان، سکرتێری گشتی ئەنجوومەنەکە ڕایگەیاندووە ئۆپتۆجینێتیک "دەبێتە هۆی داگیرساندن یان کوژاندنەوەی چالاکییەکانی دانە دانەی خانە دەمارییەکانی مێشکی زیندوو"، ئاماژەی بەوەشکردووە ئێستا ئەو شێوازە لە تاقیگەکانی جیهاندا بەکاردەهێنرێت بۆ دۆزینەوەی "نهێنییەکانی مێشک."
لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکاندا، هێگمان لێکۆڵینەوەی لە چۆنییەتی وەڵامدانەوەی کلامیدۆمۆناس کرد بۆ ڕووناکی کە چۆن دەتوانێت لە نیو هەزار لەسەر چرکەیەکدا کاردانەوەی بەرامبەر بە ڕووناکی بێت و گریمانەی ئەوەی کرد کە تاکە پرۆتینە ڕووناکی دەگرێت و وەک کەناڵێکی ئایۆنی کاردەکات.
ناگڵ ئەم گریمانەیەی بە دەرزی لێدانی جینەکانی کلامیدۆمۆناس بۆ ناو هێلکەی بۆق تاقیکردەوە و لەو رێگەیەوە کەناڵی ڕۆدۆپسین-2ی دۆزیەوە کە کەناڵێکی ئایۆنییە و بە ڕووناکی دەکرێتەوە.
ئەم دوو زانایە لە ساڵی 2003دا بڵاویان کردەوە کە ئەم پرۆتینە دەتوانرێت بخرێتە ناو خانەکانی مرۆڤ و هەمسەتەر بۆ ئەوەی بە ڕووناکی پەیامی کارەبایی دروست بکەن.
کارڵ دیسێرۆت لە زانکۆی ستانفۆرد لە ساڵی 2005دا ئەم شێوازەی لە خانە دەمارەکانی مشک پیشان دا و ساڵێک دواتر ناوی ئۆپتۆژینەتیکی لێنا.
لە تاقیکردنەوە کلینیکییەکاندا، توێژەران بە دانانی پڕۆتینێکی هەستیار بە ڕووناکی بۆ ناو تۆڕی چاو، بینین بۆ ئەو کەسانە دەگەڕێننەوە کە بەهۆی هەوکردنی ڕەنگی تۆڕەی چاوەوە کوێر بوون.
هیوایەکی دیکە ئەوەیە کە ئۆپتۆجینێتیک دەتوانێت چاندنی گوێچکە باشتر بکات، ئەمەش وا دەکات هاندانی دەماری بیستن وردتر بێت لە ئامێرە کارەباییەکانی ئێستا.
پێرلمان ئاماژەی بەوەشکردووە ئەم بەیانییە لەگەڵ هەر سێ براوەکە قسەی کردووە و هەموویان سەریان سوڕماوە و دڵخۆشن. هەرسێکیان وتوویانە شانازییەکی گەورەیە کە خەڵاتەکی لەو شێوەیان وەرگرتووە.
ئەو سێ براوەیە خەڵاتی 12 ملیۆن کرۆنی سویدی (1.2 ملیۆن دۆلار) یان بە هاوبەشی پێدەبەخشرێت.
خەڵاتی نۆبڵی پزیشکی بە شێوەیەکی نەریتی یەکەم خەڵاتە کە ساڵانە ڕادەگەیەنرێت و خەڵاتەکانی فیزیا، کیمیا، ئەدەبیات، ئاشتی و ئابووری لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕادەگەیەنرێن.