هێزەکانی حکومەتی یەمەن ڕایانگەیاند کۆنترۆڵی تەنگەی باب ئەلمەندەبیان کەوتووەتە دەست و فڕۆکەخانەیەکی نزیک تەنگەکەیان لە دەستی حوسییەکان لە پارێزگای تەعز دەرهێناوە.
ماجید عەبدوڵڵا نوزەیلی، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە زنجیرەیەک پەیامدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، هێزەکانی حکومەت فڕۆکەخانەکەیان گرتووە و کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر ناوچەکەدا توندتر کردووە. بە وتەی ناوبراو ژمارەیەک لە هێزەکانی حوسییەکان دوای گەمارۆدان بە بەلەم هەڵاتوون.
نوزەیلی ئاماژەی بەوەشکردووە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەردەوامن. پێشتر هێزەکانی حکومەت ڕایانگەیاندبوو کە شارێکی کەنار دەریایان لە هەمان پارێزگادا گرتووە.
نوزەیلی هەروەها ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە هێزەکانی حکومەت 257 ئۆپەراسیۆنی بەئامانجگرتنی وردیان لەدژی پێگە و جموجۆڵەکانی حوسییەکان ئەنجامداوە و نزیکەی 700 لە هێزەکانی ئەو گروپە کوژراون.
هێزەکانی حکومەتی یەمەن بە پاڵپشتی سعودیە، ڕۆژی یەکشەممە هێرشێکی بەرفراوانی بەرپەرچدانەوەیان دەستپێکرد بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی کەوتووەتە ژێر دەستی حوسییەکان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەکسیۆس، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی یەمەن ڕایگەیاندبوو دوای تاقیکردنەوەی هەموو بژاردەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و سەرنەکەوتنیان، حکومەتی یەمەن بڕیاریدا ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی حوسییەکان دەستپێبکات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەنگەی باب ئەلمەندەب بووە کە ڕێڕەوێکی ئاوی گرنگە بۆ بازرگانی جیهانی و هەناردەکردنی نەوتی سعودیە. کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە کەنارییەکانی نزیک تەنگەکە، پێگەیەکی بەرچاوی بە حوسییەکان و ئێران بەخشیبوو.
دەیان هەزار سەربازی زەمینی حکومەتی یەمەن بەشداری ئۆپراسیۆنەکە دەکەن و سوپای سعودیە پاڵپشتییان دەکات،ئەمەش بە شێوەیەکی سەرەکی بە دابینکردنی ناوچەی دژە فڕین و هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان. ئامانجی کۆتایی ئۆپراسیۆنەکە، کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری سەنعای پایتەختی یەمەنە کە ساڵانێکە لەژێر دەسەڵاتی حوسییەکاندایە.