سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند باڵاترین بەرپرسی حەماس لە غەززە کە دەستی ڕاستی یەحیا سینوار کە یەکێک لە پلاندانەرانی سەرەکی هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل بووە، کوشتووە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی پێشتر بە میدیاکانی ئیسرائیلی ڕاگەیاندبوو لە هێرشە ئاسمانییە شەوانەکەی ئیسرائیل لە شاری غەززە بەرپرسێکی باڵای حەماسی کراوەتە ئامانج.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی ئیسرائیل، ئێوارەی شەممە، هێزەکانی سەربازی و شین بێت هەوڵیانداوە عەلی ئەحمەد ئەلعەمودی لە شاری غەززە بکەنە ئامانج و ئەویش لەکاتێکدا لە شوقەیەکدا بووە کە بۆ چالاکیی تیرۆریستی بەکارهاتووە، کراوەتە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەلعەمودی بە باڵاترین کەسایەتیی حەماس لە کەرتی غەززە ناسراوە و ڕۆڵی هەبووە لە بڕیارەکانی پەیوەست بە هێرشەکانی حەماس کە بووە هۆی دەستپێکردنی شەڕەکە.
ئیسرائیل دەشڵێت ئەلعەمودی دەستی هەبووە لە ئاوەدانکردنەوەی حەماس بۆ شەڕەکە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، ناوبراو لە ساڵی 1993 لە کوژرانی چوار ئیسرائیلی لە کەرتی ڕۆژئاوا دەستی هەبووە، هەروەها لە ڕووداوەکەی ساڵی 1994 لە ڕامەڵڵا کە تێیدا نوام-مێناچێم کۆهین ڕێکخەری شین بێت لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکدا کوژرا دەستی هەبووە.
ئەلعەمودی، بەرپرسی پێشووی میدیای بزووتنەوەی حەماس بووە و وەک پێشەنگێک بۆ جێگرتنەوەی خەلیل ئەلحەیە وەک سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە کەرتی غەززە دەستنیشانکرابوو. ئەلحەیە چەند مانگ پێش ئێستا بووە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس و لە قەتەرەوە کاردەکات.
هەروەها ئەلعەمودی لە مانگی یەکدا بە شێوەیەکی کاتی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە غەززە بووە.