ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا: عێراق بووەتە پارێزگایەکی ئێران

جۆو ویڵسن، ئەندامی کۆماری کۆنگرێس لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ڕەخنەی لە بێڕێزیکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی بە ئاڵای ئەمەریکا و پشتیوانیکردنیان لە کۆماری ئیسلامی گرت و بە "بەڵگە"ی کاریگەربوونی کۆماری ئیسلامی لە عێراق ناوی برد.

ویڵسن بە بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە نمایشێکی سەربازیدا کە بێڕێزی بە ئاڵای ئەمەریکا دەکەن، ئاماژەی بەو هێزانە کردووە و نووسیویەتی ئەوان کە بە بەشێکی فەرمی لە پێکهاتەی ئەمنی حکومەتی عێراق دادەنرێن، بێڕێزی بە ئاڵای ئەمەریکا دەکەن و پشتگیری لە "ڕژێمی بکوژ لە ئێران" دەکەن.

لە درێژەی پۆستەکەیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، بە ئاماژەدان بە کاریگەریی کۆماری ئیسلامی لە عێراق، نووسیویەتی ئەگەر پێویستت بە بەڵگەی زیاتر بوو بۆ ئەوەی بیسەلمێنیت کە عێراق بووەتە پارێزگایەکی ئێران، سەیری ئەم وێنانە بکەن.

ویڵسن لە نووسینەکەیدا ڕوو لە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق پرسیاری ئەوە دەکات و دەڵیت ئایا هەڵسوکەوتی حەشدی شەعبی گوزارشت لە تێڕوانینی ئەو بۆ ئەمەریکا دەکات؟

نوێنەری کۆمارییەکان بە کەڵک وەرگرتن لە دەستەواژەی "ئازادکردنی عێراق لە دەستی ئێران" داوای کەمکردنەوەی نفوزی کۆماری ئیسلامی لە عێراق دەکات.