سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ژمارەیەک فەرمانی سەرۆکایەتیی هەڵوەشاندووە کە پەیوەندییان بە سنووردارکردنی گەشتی ئاسمانی بۆ لوبنان هەبوو.
ئەم بریارەی سەرۆک ترامپ فەرمانێکی سەرۆکی کۆچکردوو رۆناڵد ڕێگان هەڵدەوەشێنێتەوە کە زیاتر لە چل ساڵ لەمەربەر دەرکراو چەندین جارلە لایەن سەرۆکەکانی پێشووەوە درێژکراوەتەوە.
لە بڕیارەکەی ترامپدا، کە رۆژی 30ـی مانگی نۆ واژۆی کردوەو رۆژی دووشەممە لە رۆژنامەی تۆماری فیدراڵی بڵاودەبێتەوە، فەرمانی سەرۆکایەتی ساڵی 1985 هەڵدەوەشێنێتەوە کە هەموو خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوەی ئاسمانیی ئەمەریکای بۆ لوبنان قەدەغە کرد، وەک بەشێک لە سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر بە شەڕی ناوخۆی لوبنان و مەترسیی ڕفاندنی فڕۆکە و هێرش بۆ سەر فڕۆکەی مەدەنی.
لە فەرمانەکەیدا، ترامپ دەڵێت کە فەرمەنەکانی پێشووی سەرۆکاییەتی سەبارەت بە سنووردارکردنی هاتوچۆی فرۆکەوانی، "پێویستنین بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی هاتووچۆ بۆ لوبنان یان لوبنانەوە لە بەرامبەر [مەترسی] ڕفاندن یان دەستبەسەرداگرتنی نایاسایی."
فەرمانەکەی سەرۆک ترامپ بڕیاری سەرۆکایەتیی ساڵی 1985و هەموو ئەو بڕیارە سەرۆکایەتییانە هەڵدەوەشێنێتەوە کە دواتر سەبارەت بە قەدەغەکردنی گەشتی فڕۆکەوانی بۆ لوبنان دەرکرابوون.
بنەمای قەدەغەی گەشتی فڕۆکەوانی دەگەڕێتەوە بۆ فەرمانێکی سەرۆکایەتی سەردەمی ڕۆناڵد ڕێگان، کە هەموو خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوەی ئاسمانیی ئەمەریکای بۆ لوبنانی قەدەغە کرد بە هۆی شەڕی ناوخۆیی لوبنان و نیگەرانییە ئەمنیەکان.
لە ساڵی 1992دا ، سەرۆکی کۆچکردوو جۆرج ئێچ بوش هەندێک رێگری هەڵگرت و رێگەیدا هەندێ فرۆکەی بیانی بارهەڵگر هاتوچۆی لوبنان بکەن. لە ساڵی 1998دا، سەرۆکی پێشوو بیل کلینتن ڕێگەیدا بە فرۆشتنی بلیت و هەندێک خزمەتگوزاریی گەشتیاری پەیوەندیدار بە لوبنان. دواتریش لە ساڵی 2007دا، سەرۆکی پێشوو جۆرج بوش رێگەیدا بە هەندێ گەشتی مەدەنی و فرۆکەی بارهەڵگری مرۆیی، بەڵام ژمارەیەک رێگری مانەوەو قەدەغەی فڕۆکەی ئەمەریکایی بۆ لوبنان هەر بەردەوام بوو.
ئەم فەرمانەی سەرۆک ترامپ هەموو رێگرییەکان هەڵدەوەشێنێتەوە.
سەرۆک ترامپ فەرمانی بە وەزیری گواستنەوەی ئەمەریکا کردووە کە بڕیارەکە،"دەستبەجێ جێبەجێ بکات و هەموو ئەو یاساو ڕێسا و فەرمانانە هەڵبوەشێنێتەوە کە لەگەڵیدا ناکۆکن."