عێراق و تورکیا گفتوگۆ لەسەر ڕێککەوتنێکی فراوانی نەوت و گاز دەکەن

عێراق و تورکیا گفتوگۆی فەرمییان لەسەر ڕێککەوتنێکی درێژخایەن بە ئامانجی فراوانکردنی هاوکاریی لە بوارەکانی نەوت و گاز و وزە لە ئەنقەرە دەست پێکرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان هەردوو وڵات، رۆژی هەینی، دەستیان بە کۆبوونەوەکانیان کردووە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، باسم موحەمەد خزەیر ئەلعبادی، وەزیری نەوتی عێراق، سەرۆکایەتی شاندی عێراقی کرد و ئەلپ ئەرسلان بایراقدار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، سەرۆکایەتی لایەنی تورکی کرد.

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند کە هەردوولا نەخشەڕێگایەکی پێشنیارکراویان بۆ پەرەپێدانی هاوکاریی و میکانیزمەکانی هاوئاهەنگی و کاری هاوبەشیان سەبارەت بە نەوت و گازو پیشەسازی پێتڕۆکیمیاویی و بازرگانیی نەوت و گاز و وزە تاوتوێ کردووە.

بەیاننامەکە دەڵێت کە ئەم گفتوگۆیانە ئامانجیان دانانی بنەمای هاوکاریی درێژخایەن و فراوانکردنی هەماهەنگییە لە کەرتەکانی نەوت و گاز و وزە.

لە هەمانکاتدا، لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، ئەلپ ئەرسلان بایراقدار ، وتی، "ئەم گفتوگۆیانە درێژکراوەی ڕێککەوتنی گواستنەوەی نەوتی خاوە کە لە مانگی هەشتدا لەنێوان بۆتاشی تورکیا و کۆمپانیای نەوتی سۆمۆ (SOMO)و کۆمپانیای نەوتی باکور (NOC)ـی عێراق واژۆکرا" و ئێستا کار بۆ "ڕێککەوتنێکی نوێ و درێژخایەنتر و فراوانتر" دەکەن.

وەزارەتی وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا دەڵێت کە دانووستاندکاران لە کۆبونەوەکەدا باسیان لە درێژکردنەوەی هێڵی بۆری کەرکووک-جەیهان بۆ بەسرە و زیادکردنی توانای گواستنەوەی نەوتی عێراق کردووە بە ئامانجی" دروستکردنی ڕێڕەوێکی بەهێزی هەناردە کە بتوانێت بەدیلێک بێت بۆ ناوچەی کەنداو و تەنگەی ستراتیژیی هورمز."

ئەو گفتوگۆیانە لە کاتێکدان کە تورکیا و عێراق هەوڵ دەدەن هاوکاریی ئابووری و وزە قووڵتر بکەن و ڕێگاکانی هەناردە و گواستنەوەی نەوت و بارزگانی پەرەپێبدەن.