ڕووسیا داوا لە دیپلۆماتکارە بیانییەکان دەکات کیێڤ بەجێبهێڵن

ڕووسیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، هێرشەکانی بۆ سەر کیێڤ و شارەکانی تری ئۆکراینا بەردەوام دەبن و داوای لە هاووڵاتیانی بیانی و ئەندامانی دیپلۆماتکارە بیانییەکان کرد پایتەختی ئۆکراینا بەجێبهێڵن.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕاگەیاند بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئۆکرانیا، هێزەکانی رووسیا، "بە شێوەیەکی سیستەماتیک و بەردەوام دەزگا و دامەزراوە سەربازییەکان لە کیێڤ و شارەکانی تری ئۆکرانیا دەکەنە ئامانج." وە هەروەها ڕایگەیاند، "جارێکی تر ئاگاداری هاووڵاتیانی بیانی، لەنێویاندا دیپلۆماتکاران، دەکاتەوە کە لە ئۆکرانیا نەمێننەوە و گەشت بۆ سنوورەکانی ئەو وڵاتە نەکەن" بەپێچەوانەوە، "بەرپرسیارێتی هەر ئەنجامێکی نەخوازراو دەکەوێتە سەر شانی ئەوانەی کە پاپەندی ئەم ئاگادارکردنەوەیە نابن."

لە چەند مانگی پێشوودا ڕووسیا هێرشەکانی بۆسەر کیێڤ زیادکردووە و ژیانی نزیکەی سێ ملیۆن دانیشتووی پایتەختی ئۆکرانیای تێکداوە. بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، رۆژی شەممە رووسیا پردێکی رووباری دنیپرۆی لەشاری کیێڤ کردە ئامانج.

سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتن، ئەم هەفتەیە هەڕەشەیکرد کە ئۆکرانیا باجی هێرشەکانی دژ بە ڕووسیا دەدات.

لە هەمانکاتدا، هەردوولا هێرشەکانیان دژ بە کەشتییەکانی گواستنەوەی شتومەک لە دەریای ڕەش زیاد کردووە و ئۆکرانیاش دەیان هێرشی درۆنی کردووەتە سەر پاڵاوگەکانی نەوتی ڕووسیا و دامەزراوەکانی تری ئەو واڵاتە.