حکومەتی عێراق ڕایگەیاند هێڵە ئاسمانییەکان جگە لە کۆمپانیای ماهان دەتوانن 40 گەشتی ڕۆژانەی نێوان نەجەف و شارەکانی ئێران ئەنجام بدەن، ئەمەش دوای ئەوەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بڕیاری لێخۆشبوونی دەرکرد بۆ هەندێک گەشتی مرۆیی.
نوسینگەی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی ڕۆژی هەینی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی دا، "سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ پرسی دەستپێکردنەوەی گەشتی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف و لەوێوە بۆ ئێران کرد، ئەویش لە ڕێگەی زنجیرەیەک پەیوەندی و بەدواداچوون لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان."
لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە، "ئەم هەوڵانە بوونەتە هۆی ڕێکەوتنێک کە ڕێگە دەدات بە هێڵەکانی فڕۆکەوانی ئێرانی، جگە لە کۆمپانیای ماهانی ئاسمانی، ڕۆژانە 40 گەشتی ئاسمانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف و لەوێوە بۆ ئێران ئەنجام بدەن."
هەروەها سەرۆکوەزیران سوپاسی ئەمەریکای کردووە بۆ قبوڵکردنی داواکەی عێراق بە لابردنی سزاکان لەسەر ئەو گەشتانەی فڕۆکەخانەی نەجەف کە بۆ مەبەستی سەردانی شوێنە ئاینییەکان و چارەسەری پزیشکی و گەشتیاری ئەنجام دەدرێن.
لە ساڵی 2011ـەوە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا چەندین سزای بەسەر کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی ماهان سەپاندووە، لە چوارچێوەی فشارە ئابوورییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.