باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن ڕایگەیاند وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی پینجشەممەدا لە گەڵ وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، سکۆت بێسێنت، سوپاسی قوربانیدانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی لە جەنگی دژ بە داعش کردووە و ئەوەی دووپات کردووەتەوە کە حکومەتی عێراق پابەندە بە چەککردنی میلیشیاکان.
باڵیۆزخانەکە ئەمڕۆ هەینی ڕاگەیێندراوێکی دەربارەی کۆبوونەوەکەی دوێنێ لە واشنتن بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە، "وەزیری دەرەوەی عێراق پێزانینی قووڵی عێراقی بۆ ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەربڕی لە پێناو قوربانیدان و پشتیوانیکردنیان لە هێزە ئاسایشییەکانی عێراق بۆ شکستپێهێنانی داعش."
ئەمە لە کاتێکدایە حکومەتی ئەمەریکا ڕۆژی 30ـی نۆی 2026 بە فەرمی تەواوی هێزەکانی، کە لە چوارچێوەی شەڕی داعش لە عێراق بوون و بنکەی سەرەکییان لە هەرێمی کوردستان بوو، کێشایەوە.
سەبارەت بە پرسی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێران، باڵیۆزخانەکە دەڵێت وەزیری دەرەوە "پابەندبوونی عێراقی بە دەستەڵاتی تەواوەتی دەوڵەت بەسەر چەک و بڕیارەکانی شەڕ و ئاشتی دووپات کردەوە."
دەشڵێت، فوئاد حسێن هەروەها سوپاسی حکومەتی ئەمەریکا و وەزارەتی گەنجینەی کردووە بۆ ڕێگەدان بە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان نەجەف و ئێران بۆ مەبەستی ئاینی و دەڵێت ئەم هەنگاوەی ئەمەریکا لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە ئازادی ئاینیدایە و "ئەم بەهایە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی هاوبەشیی نێوان عێراق و ئەمەریکا."
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا دوێنێ سەبارەت بە کۆبوونەوەکە بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە "بە ڕاشکاوی" باسی چەندین پرسی هاوبەش کرا، لە نێوانیان چاوەڕوانییەکانی ئەمەریکا لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی لەلایەن کابینەی عەلی زەیدییەوە، گەشتە ئاینییەکان بۆ نەجەف، بەردەوامی فشاری ئابووری لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران و "پێشکەوتنەکانی عێراق لە پرسی چەککردنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران."