سێیەم فڕۆکەهەڵگری جەنگیی ئەمەریکا بەرەو خۆرهەڵاتی ناوەراست بەڕێکەوت

ڕۆژنامەی واڵ ستریت جێرنەڵ ڕایگەیاند کە وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاندووە کەشتی فڕۆکەهەڵگری تیۆدۆر رۆزەڤێڵت و گرووپە هێرشبەرەکەی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کراون.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە سەرۆک دۆناڵد ترامپ پێی وایە ئەگەر ئێران پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی وەرز ڕێکەوتنێکی گونجاو واژۆ نەکات، ئەوا هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەری زیاتر دەبن.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەدا کە فڕۆکەهەڵگر و گرووپە هێرشبەرەکەی یەکشەممەی ڕابردوو لە بەندەری سان دیێگۆ لە باشوری کالیفۆرنیای خۆرئاوای ئەمەریکاوە بەڕێکەوتوون و نزیکەی 10 هەزار سەربازیان لەسەرە. بەرەو ڕۆژهەڵات ناوەڕاست بەڕێدەکەون بۆ ئەوەی بچنە پاڵ فڕۆکەهەڵگرەکانی جۆرج ئێچ دەبلیو بوش و جۆرج واشنتن کە پێشتر لەوێ جێگیر کرابوون.

لەلایەکی ترەوە، فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا، سێنتکۆم، ڕایگەیاند کە فڕۆکەهەڵگری جۆرج واشنتن چالاکی و ئۆپەراسیۆنی فڕین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدات.