خوێندکارانی دورز لەنێوان بەرداشی دیمەشق و سوەیدا

خوێندکارانی دورز لە سوریا ناتوانن قۆناغەکانی خوێندن تەواو بکەن بەهۆی ناکۆکی نێوان حکومەتی سوریا و ئیدارەی خۆجێی سوەیدا کە دوایین ناوچەی سوریایە لە دەرەوەی دەستەڵاتی حکومەتی ئەحمەد شەرع.

ساڵی پار هێزەکانی نزیک لە دیمەشق لە سوەیدا سەدان کەسی دورزییان کوشت و لە ئەنجامی ئەوەشدا سوپای ئیسرائیل بۆردومانی هێزکانی سوریای کرد.

مارام ئەبو حەمرەی تەمەن 20 ساڵ خوێندکاری تەلارسازییە لە حەلەب و لە پێکهاتەی دورزە. زیاتر لە ساڵێکە گەڕاوەتەوە بۆ سوەیدا و دەڵێت ئێستا ناوێرێت بگەڕێتەوە بۆ ناوچەی ژێر دەستەڵاتی حکومەت.

مارام ڕایگەیاند، "هەموو خوێندکارێک خەونی ئەوەیە ببێت بە ئەندازیار، پزیشک، یاخود هونەرمەند، یاخود هەر شتێک خۆی بیخوازێت، بەڵام خەمباری و ترس و کینە جێگەی ئەوانەی گرتۆتەوە."

مەزەندەدەکرێت لە سوەیدا، کە دەکەوێتە باشوری خۆرئاوای سوریا، نزیکەی 700 هەزار دورزی بژین. لە ئێستادا زۆربەی سوەیدا لەژێر کۆنترۆڵی شێخ حیکمەت هەجەری دایە کە یەکێکە لە ڕابەرە ئاینییەکانی دورزەکان و مانگی هەشت لە ڤیدیۆیەکدا ڕایگەیاند کە جڤاتەکەی بەشێکە لە دەوڵەتی ئیسرائیل.

حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع دەیەوێت تەواوی خاکی سوریا لە ژێر سایەی حکومەتەکەیدا بێت لە دیمەشق، ئەو حکومەتەی لە دوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد لە کۆتایی ساڵی 2024ـدا هاتە سەر دەستەڵات.

بەڵام دورزەکان بڕوایان بە بەڵێنەکانی حکومەتی شەرع نیە لەوەی کە مافەکانیان بپارێزێت و ئاماژە بە پەیوەندی پێشتری لەگەڵ قاعیدە و کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی پار دەکەن.

فەهد ئەبو سەعد، کە کوڕەکەی و کچەکەی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی پاریان لە کیس چووە، ڕایگەیاند "دەمەوێت بڵێم کە ترسەکەمان لەجێی خۆیەتی، بەهۆی ڕووداوەکانی پێشووەوە کە زۆر کۆن نین و تازە وا دەبن بە ساڵێک."

یەکەمجار حکومەتی سوریا تاقیکردنەوەی کۆتایی قۆناغی دواناوەندی بەهۆی کوشتارەکانەوە هەڵوەشاندەوە. هێزە سەربازییەکانی سوریا لە زۆربەی سوەیدا کشانەوە و هەجەری ڕێگەی گەڕانەوەی پێ نەدان و هێزێکی چەکداری بەناوی پاسەوانی نیشتمانی دامەزراند.

لەم دیمەنەدا وێنەی سەرکردەی دروزەکان شێخ حیکمەت هەجەری هەڵواسراوە.

ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی هەجەری تاکە ناوچەن لە سوریا کە لە دەرەوەی دەستەڵاتی دیمەشقدا ماونەتەوە، پاش ئەوەی دەستەڵاتدارانی کورد لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا ئەمساڵ دەستیان کرد بە چوونەوە ژێر دەستەڵاتی دیمەشق دوای هێرشی کتوپڕی حکومەت بۆ سەر ناوچەکانیان.

تەنانەت لەوێش، کوردی سوریا هەوڵی پاراستنی خوێندن بە زمانی دایک دەدەن.

زۆرێک لە خوێندکارانی دورزی کە لە شوێنی دیکە لە سوریا دەخوێنن، ساڵی 2025 گەڕانەوە سوەیدا. ئەمساڵیش دیسان تاقیکردنەوەکان تێکچوون و حکومەت و دەستەڵاتدارانی دورز لەبارەی هۆکارەکانەوە لۆمەی یەکدی دەکەن.

بەهاری ئەمساڵ حکومەتی دیمەشق هەوڵی دا چاودێری تاقیکردنەوە بۆ سوەیەدا بنێرێت بۆ سەرپەرشتیکردنی تاقیکردنەوەکان، بەڵام هەندێک لە دورزەکان ئەوەیان وەک هەوڵێک بۆ دووبارە گەڕانەوەی هێزەکانی حکومەت بۆ ناوچەکە تەماشا کرد.

مانگی هەشت دیمەشق پێشنیازی کرد خوێندکارەکانی ناوچەی ژێر دەستەڵاتی هەجەری تاقیکردنەوەکانیان لە بەشی باکوری پارێزگای سوەیدا ئەنجام بدەن کە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی دیمەشقدایە. بەڵام ئەمە خوێندکاران و دایبایانی ترساند.

ئەبو سەعد پرسار دەکات، "ئێمە بۆمان نییە بترسین لە ناردنی منداڵەکانمان بۆ بەشی باکور، بەڵام وەزیری خوێندن بۆی هەیە بترسێت لە ناردنی نوێنەری خۆی بۆ ئێرە؟!"

هەندێک خەڵکی دورز ترسی ئەوەیان هەیە کە هێزەکانی هەجەری دواتر ئەو خوێندکارانەی کە دەچن بۆ ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی دیمەشق بۆ تاقیکردنەوە بە خیانەتکار لەقەڵەم بدات.

ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی سوریا بڵاویکردۆتەوە لە کۆی 137 هەزار خوێندکار لە سوەیدا، تەنها 150 خوێندکار توانیویانە تاقیکردنەوەی ئەمساڵ ئەنجام بدەن تاوەکو بچنە دواناوەندی و زانکۆ.

ئەوانەی دیکە، هاوشێوەی مارام و تەواوی خوێندکارانی پارێزگای سوەیدا، داهاتوویان بە نادیاری ماوەتەوە.

سەرچاوە: رۆیتەرز