سەرۆکی تورکیا ستایشی پەسەندکردنی یاسای "تورکیای بێ تیرۆر"ـی لەلایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە کرد و ڕایگەیاند پرۆسەکە پێگەی تورکیای بەهێزتر کردووە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کاتی دەستپێکردنەوەی وەرزێکی نوێی کاری پەرلەمانی ئەو وڵاتە وتارێکی پێشکەش کرد.
ئەردۆغان وتی حکومەتەکەی کار دەکات بۆ گەیشتن بە ئامانجی "تورکیای بێ تیرۆر" و ئەم پرۆسەیە نزیکەی دوو ساڵە بەردەوامە.
ڕاشیگەیاند، " کۆدەنگی لەسەر تورکیای بێ تیرۆر دوژمنانی وڵاتی هەراسان کردووە و لە ئێستاوە کاریگەری دروستکردووە بۆ سڵکردنەوەی لە دوژمنانی تورکیا و وڵات بەهێزتر دەکات."
ئامانجی ئەم پرۆسەیەی ئێستا کۆتاییهێنانە بە شەڕی زیاتر لە چل ساڵەی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).
ئەردۆغان و حکومەتەکەی پرۆسەکە بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناو دەبەن، بەڵام ئۆجەلان بە "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگایەکی دیموکراتی" ناوی دەبات.
ئەردۆغان بە پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی وت، "وەک لە چوارچێوەی یاسادا پێناسە کراوە، پرۆسەی چاودێری هەیە. کاتێک هەنگاوی پێویست دەگیرێتە بەر، دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان هەرچی پێویست بێت دەیکەن."
لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی تورکیا وردەکارییەکانی ئەو هەنگاوە پێویستانەی ڕوون نەکردەوە کە دەبێت پێش دەستپێکردنی قۆناغی داهاتوو بگیرێنە بەر. هەروەها کات و بەرنامەیەکی دیاریکراوی بۆ حکومەتەکەی بۆ قۆناغی داهاتووی پرۆسەکە دیاری نەکرد.
بەڵام وتی پرۆسەکە بە کارکردن و ئیرادەیەکی بەهێزەوە گەیشتووەتە قۆناغی ئێستا. پرۆسەکەی بە بەشێک لە هەوڵێکی فراوانتر بۆ بنیاتنانی پێکەوەژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەسفکرد و بە "مامەڵەیەکی گەورەی تورکیا" وەسفی کرد.
هەروەها داوای لەلایەنە سیاسییەکان کرد هاوکاریی زیاتر بکەن و وتی تورکیا پێویستی بە کەمکردنەوەی گرژی سیاسی هەیە لەم سەردەمەدا کە کێشەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی زیادیان کردووە.
ئۆجەلان مانگی دووی 2025 لە دوورگەی ئیمرالییەوە داوای هەڵوەشاندنەوە و داماڵینی چەکی لە پەکەکە کرد. سەرکردەکانی پەکەکە پابەندبوونی خۆیان بە داواکەی دووپات کردەوە و لە مانگی پێنجدا پەکەکە ڕایگەیاند کە کۆتایی بە ململانێ چەکدارییەکان دەهێنێت.
پەرلەمانی تورکیا مانگی هەشتی ئەمساڵ چوارچێوەی یاسایەکی پەسەند کرد کە بنەمای یاسایی بۆ هەنگاوەکانی پاش چەکداماڵینی پەکەکە دادەنێت.