ترامپ: دەرکەوتنی ژیریی باڵا لە شۆڕشی پیشەسازی گەورەترە

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردەوە لەسەر کاریگەرییەکانی ژیریی دەستکرد لەسەر داهاتووی مرۆڤایەتی و ڕایگەیاند دەبێت ئەمەریکا پێشەنگی خۆی بپارێزێت.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی چوارشەممە لە کۆشکی سپی وەڵامی ڕۆژنامەوانانی دایەوە. سەرەتا ئەوەی ڕوون کردەوە کە حکومەتی ئەمەریکا بە شێوەیەکی فەرمی ناوی 'ژیریی دەستکرد' دەگۆڕێت بۆ 'ژیریی باڵا.' سەبارەت بە هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی 'دەستکرد' یان (artificial) لە زمانی ئینگلیزیدا بۆ شتگەلێک بە کار دێت کە ساختە بن، بەڵام "ئەوەی هەیە نەک ساختە نییە، بەڵکوو زۆریش زیرەکە و توانایەکی ناوازەی هەیە."

هەر لەسەر ناوەکە سەرۆک ترامپ گوتی ''سەرۆکی چین بە هەمان شێوە لەسەر ناوەکە هاوڕا بووە.''

لەسەر ئەو وڵاتانەی تەکنەلۆژیای ژیریی باڵایان لەبەر دەستە، گوتی کە تەنیا ئەمەریکا و چین لەو بوارەدا چالاکن و ئەمەریکا پێشەنگە، بەڵام هیچ وڵاتێکی دیکە دەستی بەو تەکنەلۆژیایە ڕانەگەییشتووە.

لە کۆتاییدا گوتی، ''لە بیرتان بێت، کە هەر کەس پێشبڕکێی ژیریی باڵا بباتەوە، براوە دەبێت.''