ئەمەریکا و عێراق بەڵێن دەدەن درێژە بە هاوکاری نێوانیان بدەن

حکومەتی ئەمەریکا و عێراق کشانەوەی دوایین هێزەکانی ئەمەریکایان لە عێراق ڕاگەیاند، ئەمەش کۆتایی ئەو ئەرکەیە کە 12 ساڵ لەمەوبەر پێکهێنرا، پاش ئەوەی چەکدارانی داعش ناوچەیەکی بەرفراوانیان لە عێراق و سوریا داگیرکرد و خەلافەتیان ڕاگەیاند.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سینتکۆم، کە بەرپرسیارێتی ئۆپراسیۆنی ئەرکەکەی لە ئەستۆدا بوو، ڕۆژی چوارشەممە "کشانەوەی ڕێکوپێکی" هێزەکانی ئەمەریکا و کەلوپەلەکانی لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر ڕاگەیاند.

بەگوێرەی سێنتکۆم، زۆربەی ئەو 1500 سەربازە ئەمەریکاییەی کە لە عێڕاق مابوونەوە بۆ کۆمەکی ئۆپراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە هەولێر بوون.

هاوپەیمانێتیە سەربازییەکە بە سەرکردایەتی ئەمەریکا دەیان وڵات و ڕێکخراوی لەخۆگرتبوو، ئەرکی پشتیوانیکردنی هێزەکانی ئاسایشی عێراق و هەروەها لاوازکردن و بەزاندنی گروپی تیرۆریستی داعشی لە عێراق و سوریا لەئەستۆ بوو.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە مانگی سێی 2019 شکستی داعشی راگەیاند، پاش ئەوەی لە هەموو ئەو ناوچانەیان لەژێر دەست دەرهێنرا کە دەستیان بەسەرداگرتبوو.

هاوپەیمانێتییەکە و حکومەتی عێراق لە مانگی نۆی 2024 دا ڕێککەوتن لەسەر گۆڕانی هەنگاو بە هەنگاو کە کۆتاییهاتن بە ئەرکە سەربازییەکانی ناوعێراقی لەخۆدەگرت، و هەروەها ڕادەستکردنی بەرپرسیارێتی ئاسایش بە عێراق لە مانگی نۆی 2025، و کشانەوەی هێزە هاوپەیمانەکان لە مانگی نۆی 2026دا.

ئەدمیراڵ براد کوپەری فەرماندەی سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "بەهۆی نەبەردی و قوربانیدان و پیشەوەربوونەوە، داعش چیتر هەڕەشەیەکی سیستەماتیکی نییە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی عێراق و هێزەکانی ئاسایشی عێراق، لە نێویشیاندا پێشمەرگە و هێزی ئاسایشی دیکەی هەرێمی کوردستانی عێراق، کە لە ئێستادا توانا و سەرکردایەتی و سەربەخۆیی ئۆپراسیۆنییان هەیە کە بتوانن رووبەڕووی هەڕەشەکانی سەر وڵاتەکەیان ببنەوە."

حکومەتی عێراق خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە گەیشتن بە رۆژی گرنگی سەروەیی کە تیایدا بەرپرسیارێتییەکانی ئاسایشی وڵاتی گرتەدەست.
عەلی فالح ئەل زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "ئێمە کۆتایی ئەرکی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بەرەنگاربوونەوەی داعش رادەگەیەنین و هاریکاریی نێوان هێزە دۆستەکان و کەسە دۆستەکان پشتراستدەکەینەوە کە بوونە مایەی سەرکەوتن بەسەر یەکێک لە تاریکترین قۆناغەکانی توندڕەویی و دڕندەیی لە مێژوودا."

عێراق، کە تاوەکو ئێستا بەدەست کێشمەکێشی میلیشا چەکدارە هاوپەیمانەکانی ئێرانەوە لە وڵاتدا دەناڵێنێت، ڕایگەیاند کە دەرگاکان واڵان لەبەردەم هێشتنەوەی هاریکاریی ئاسایش لەگەڵ وڵات و رێکخراوەکان کە بەشداربوون لەو ئەرکەدا.

ئەل زەیدی وتی "کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بەمانای کۆتایی جەنگی دژی تیرۆر نایەت، بەڵکو ئەوەیە کە عێراق دەگوێزێتەوە بۆ قۆناغێک کە تیایدا خۆی بەرپرسیارێتی تەواوی ئاسایش و سەقامگیری دەگرێتەدەستە."

هەروەها هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند کە هاریکاریکردن لە نێوان ئەمەریکا و عێراق دەگوازرێتەوە بۆ "پەیوەندیی دوولایەنەی بەرگری" نوێ.

سێنتکۆم ڕایگەیاند کە ئەرکەکە لە ئێستادا لە وڵاتی ئوردون جێگیردەبێت و جەختی لەسەر سوریا دەبێت.

سەرۆک دۆناڵد ترامپ مانگی یانزەی پار لە کۆشکی سپی پێشوازیی لە ئەحمەد ئەلشەرعی سەرۆکی سوریا کرد، کە پێشتر خۆی جیهادیی بووە. حکومەتی ئەلشەرع بەفەرمی پەیوەندیکرد بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانێتییەکە پێشتر کشانەوەیان لە عێراق تەواوکردبوو. وەزیری بەرگری ئیتاڵیا رۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە دوایین کارمەندیان لە هەمان ڕۆژدا عێراقی جێهێشتووە، لەکاتێکدا ئەڵمانیا مانگی ڕابردوو کشانەوەی هێزەکانی تەواوکرد.

گویدۆ کرۆسێتۆی وەزیری بەرگری ئیتاڵیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە کاتێکدا عێراق بەرپرسیارێتی ئاسایشی خۆی دەگرێتە ئەستۆ، هەردوو وڵات هاریکاریی نێوانیان زیاددەکەن لەڕێگەی راهێنانکردن و پسپۆڕێی و بونیاتنانی تواناکانی هێزەکانی عێراق.