سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم دەستی لە کارکێشایەوە

ماوەی سێ ڕۆژە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان، نامەی دەست لەکارکێشانەوەی ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە گوایە بەهۆی ئەو کێشە و بەربەستانەی کە بۆ فەرمانبەران و وەزارەتەکەی دروست دەکرێن.

ئەمڕۆ چوارشەممە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هۆکاری سەرەکی دەستلەکارکێشانەوەکەی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ماوەیەکە لەگەڵ ئیدارەی سلێمانی لە کێشەدایە و دەستوەردان وهەڕەشە و فشاری حزبی هەیە لە فەرمانبەران و بەرپرسانی وەزارەتەکەی، بۆیە دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەش بە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە."

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، وتیشی، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دەست لەكاركێشانەوەکەی وەزیری دارایی پەیوەندی بە دەستگیركردنی بەڕێوەبەری خانوبەرەی میریەوە هەیە لە سلێمانی کە زیاتر لە هەفتەیەكە لەلایەن دادگای لێكۆڵێنەوەی دەستپاكییەوە دەستگیركراوە و دادگا چەند جارێک داوای گۆڕینی كردووە، بەبێ ئەوەی تا ئێستا هیچ تۆمەتێكی لەسەر ساغ بووبێتەوە و دەستگیركردنەكەی بەبێ ئاگادارکردنەوە یان ڕاوێژکردن بووە بە وەزارەتی دارایی.

دەنگی بۆ زانیاری زیاتر دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کردووە بە بەرپرسانی ئیدارەی سلێمانی هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە وەڵامیان نەداوەتەوە.