سەرۆکوەزیرانی عێراق: کۆتایی هاتنی ئەرکی هاوپەیمانی بە مانای کۆتایی هاتنی شەڕی تیرۆر نییە

عەلی ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە، لە مەراسیمێکی فەرمیدا لە دیوانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لە بەغدا ڕایگەیاند، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان بە مانای کۆتایی هاتنی شەڕی تیرۆر نییە، بەڵکو بە مانای گواستنەوەی عێراقە بۆ قۆناغێک کە بەرپرسیارێتی تەواوی ئاسایشی و سەقامگیری خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، سوپاسی دڵسۆزانەمان ئاراستەی هەموو ئەو وڵاتە دۆستانە دەکەین کە پەیوەندییان بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە کردووە، هەروەها بۆ سەرکردە و ئەفسەر و ڕاهێنەر و ڕاوێژکارەکانیان کە شانبەشانی هێزە ئەمنییەکانمان کاریان کردووە.

زەیدی ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکاری ئەمنی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کاریگەرتر دەبێت و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی لەخۆدەگرێت بۆ پاڵپشتیکردنی ئاسایش.

هەروەها گواستنەوەی بەرپرسیارێتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی بۆ فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ڕاگەیاند.

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆتایی قسەکانیدا وتی، "هیچ چەکێک لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا نابێت".