چەند ئەندامێکی کۆنگرێس داوای وەڵام لە کۆمپانیاکانی ژیری دەستکرد دەکەن

سێ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران داوای زانیاری لە گەورەترین کۆمپانیاکانی ژیری دەستکرد دەکەن، دوای ژمارەیەک ڕووداو کە تێیاندا سیستەمەکانی ژیری دەستکرد بە شێوەیەکی رێگەپێنەدراو چوونەتە ناو سیستەمە کۆمپیوتەرییەکانی چەندین دامەزراوە.

لە نامەیەکدا بۆ بەرێوەبەرانی هەریەک لە ئۆپن ئە ئای و مێتا و گووگڵ و ئەنسرۆپیک و ئێکس ئەی ئای، ئەو سێ ئەندامەی کۆنگرێس نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لە زیادبوونی ئەو ڕووداوانەی کە تێیدا سیستەمی ژیری دەستکرد دزەیانکردووەتە ناو تۆڕ و سیستەمی دەرەوەی کۆنترۆڵی دروستکەرەکانی.

ئەندامانی کۆنگرێس دەڵێن زۆرێک لەو ڕووداوانە چەند هەفتە یان چەند مانگ دوای ڕوودانیان ئاشکرا کراون و ئەمەش وای کردووە کۆنگرێس و خەڵکیش نەتوانن کاریگەری ڕووداوەکان بە دروستی هەڵسەنگێنن.

لە نامەکەدا هاتووە، "ئەگەر مرۆڤێک ئەم کارانە بکات، بە تاوانی گەورەی سایبەری هەژماردەکرێن." هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کە دواخستن لە ئاشکراکردنی ڕووداوەکان بوونەتە هۆی کەمبوونی شەفافیەت.

ئەندامانی کۆنگرێس داوایان لەو پێنج کۆمپانیایە کردووە تا 2ـی مانگی دە لیستێکی تەواو دابین بکەن لە هەموو ئەو حاڵەتانەی کە 'ئەی ئای ئەیجێنت' بە شێوەیەکی ڕێگەپێنەدراو چووە یان هەوڵی داوە بچێتە ناو سیستەم و تۆڕ و هەژمار یان خزمەتگوزارییەکی ئەلکترۆنی.

هەروەها داوای وردەکاری دەکەن سەبارەت بە ڕووداوەکانی پێشوو، لەوانە لایەنی زیانلێکەوتوو و کاتی ئاگادارکردنەوەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان.

دواکاری ئەندامانی کۆنگرێس دوای چەند ڕووداوێکی بەرچاوی ژیری دەستکرد دێت، لەوانە مۆدێلێکی ئۆپن ئە ئای کە بە بەکارهێنانی ناسنامەی دزراو لە ژینگەی تاقیکردنەوە دزەی کردووەتە دەرەوە و چووەتە ناو سێرڤەرەکانی کۆمپانیای هەگین فەیس.

رۆژی 28ـی ئەم مانگە، ئۆپن ئەی ئای پۆزشی بۆ حکومەتی ئوسترالیا هێنایەوە پاش ئەوەی ئەی ئای ئەیجێنتێکی کۆمپانیاکە لە مانگی شەش بە شێوەیەکی ڕێگەپێنەدراو چووبووە ناو چەند ماڵپەڕێکی حکومەتی ئوسترالیا.

ژمارەیەک کۆمپانیای ژیری دەستکرد ڕایگەیاند کە هەندێک لە سیستەمەکانیان لە کاتی تاقیکردنەوەدا دزەیان کردووەتە ناو سیستەمەکانی هەندێک دامەزراوەی دەرەکی چونکە لە ژینگەی تاقیکردنەوە بە تەواوی لە ئینتەرنێت جیا نەکرابوونەوە.

ئەم ڕووداوانە بوونەتە هۆی زیادبوونی داواکاری بۆ دانانی یاساو رێسا و چاودێری بۆ ئەو سیستەمانەی ژیری دەستکرد کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ کاردەکەن و دەتوانن خۆیان فێربکەن و لە کۆنترۆڵی مرۆڤ دەربچن.