بەرپرسی کاروباری ئەمەریکا لە عێراق لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی عەلی زەیدی کۆبووەوە

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا ڕایگەیاند بەرپرسی کاروباری ئەمەریکا لە عێراق، ستیڤن فەیگن، لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی سەرۆکوەزیرانی عێراق، قاسم ئەعرەجی، لە دانیشتنێکدا باسیان لە دۆخی ئاسایشی عێراق کردووە.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە سەبارەت بە کۆبوونەوەکە بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە، "ئاسایش بەردی بناغەی عێراقێکی سەلامەت و سەقامگیرە."

باڵیۆزخانەکە دەڵێت لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەوڵەکانی حکومەتی عەلی زەیدی بۆ "پاراستنی سەروەری عێراق و هاووڵاتیانی" کراوە.

دوێنێ دووشەممە قاسم ئەعرەجی لەبارەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند باسە لە دۆسیەی سەروەری و ئاسایشی عێراق، دۆخی سیاسی عێراق و ناوچەکە، و پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق کراوە.

ئەعرەجی وتی، "جەختمان کردەوە لە ئەولەوییەتی پاراستنی ئاسایش و سەروەری عێراق و چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و سەروەری یاسا و هێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، هەروەها درێژەدان بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گەندەڵی و پاڵپشتیکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت، بە شێوەیەک کە سەقامگیری و بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بپارێزێت. هەروەها جەختمان لەسەر پابەندبوونی عێراق بۆ دامەزراندنی پەیوەندی هاوسەنگ لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و بەرژەوەندی هاوبەش کردەوە، هاوکاتی بەرزکردنەوەی هاریکاری ئەمنی و ئابووری و دیپلۆماسی."

ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی دا بەوەی لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا کراوە و بەرپرسی کاروباری ئەمەریکا لە عێراق ڕایگەیاندووە "لە 30ـی نۆ بەیەکەوە ئاهەنگ دەگێڕین بە بۆنەی تەواوبوونی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی سەروەری عێراق و دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندی نێوان هەردوو وڵاتدا."