دوای ئەوەی عێراق بە هۆی سزاکانی ئەمەریکاوە بۆ سەر ئێران ئاسمانی وڵاتەکەی بە ڕووی گەشتەکانی ئێران داخست، حکومەتی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی ڕاگەیاند، ئەمەش پاش وەرگرتنی ڕێگەپێدانێکی "تایبەت."
پێشتر بەرپرسانی حکومەتی عێراق ئاماژەیان بەوە کردبوو کە لەگەڵ حکومەتی ئەمەریکا لە هەوڵدان بۆ ئەوەی سزاکان عێراق نەگرنەوە، ئەویش بە هۆی ئەو گەشتانەی تایبەتن بە سەردانی مەزارگە ئاینییەکان و خوێندن و تەندروستی.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، "هەوڵەکان سەرکەوتوو بوون لە بەدەستهێنانی جیاکاری (ڕێگەپێدانی) تایبەت بە هێڵی ئاسمانیی عێراق بۆ ئەنجامدانی گەشتەکان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران."
وەزارەتەکە دەڵێت تیمەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراق "بە خێرایی" کاردەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان لە سەرەتای مانگی داهاتوودا.
دەشڵێت، "دوای تەواوکردنی پابەندبوون بە مەرجە یاساییە پێویستەکان،" یەکەم گەشت لە فڕۆکەخانەی نەجەفەوە ئەنجام دەدرێت.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق جەختی کردووەتەوە لە پابەندبوون بە "مەرجە یاسایی و تەکنیکییەکان،" بەڵام ئاماژەی بە ناوەڕۆکی ئەو مەرجانە نەکردووە.
دوێنێ دووشەممە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەز ڕایگەیاند کە لە سەرچاوەیەکەوە زانیویەتی ڕێگەپێدانەکە کاتی دەبێت و تایبەت دەبێت بە گواستنەوەی گەشتیارە شیعەکان بۆ مەرزارگە ئاینییەکان. دەشڵێت وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بۆ ماوەی یەک مانگ ڕێگە بە هێڵی ئاسمانیی عێراق دەدات بۆ ئەنجامدانی ئەو گەشتانە و ئەگەری درێژکردنەوەی ئەو ماوەیەش هەیە.
ئەو سەرچاوەیەی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕێگەپێدانەکە بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر حکومەتی عەلی زەیدییە. هاوکات، زەیدی بەڵێنی داوە بە توندکردنی پشکنینەکان و زانیاری گۆڕینەوە، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی گەشتەکان بۆ گواستنەوەی چەک و کەسانی سزادراو و پارەی نایاسایی بەکار نایەن.