پنتاگۆن بۆ دەنگی ئەمەریکا: شتێکی نوێ دەربارەی کشانەوەی هێزەکانمان لە عێراق نییە

Syria Islamic State

وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند، لە ئێستادا هیچ ڕاگەیاندنێکی نوێیان نییە لەسەر ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا.

دەنگی ئەمەریکا پرسیاری لە پنتاگۆن کرد کە ئایا کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق تەواو بووە؟ هەروەها ئایا کشانەوەی تەواوەتی هێزەکان هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە؟

پنتاگۆن لە وەڵامدا ڕایگەیاند، "لەم کاتەدا هیچ شتێکمان نییە ڕایبگەیەنین."

ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕۆژی سێشەممە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە ئەمەریکا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممەدا پرۆسەی کشانەوەی سەرلەبەری هێزەکانی لە عێراق تەواو بکات و لەو ڕۆژەدا دوایین بنکەکان چۆڵ دەکرێن.

شایانی باسە، دوێنێ دووشەممە ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانیی عێراق ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بنکەی سەربازیی سەرەکی ئەمەریکایان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا ڕادەست کراوە.