دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بە فەرمی ئەو ڕاپۆرتەی ئاژانسی هەواڵی ئاکسیۆسی ڕەت کردەوە کە تێیدا هاتبوو لە بەرامبەر هەنگاوی بەرجەستەی کۆماری ئیسلامی لە بواری ئەتۆمیدا، ئامادەیە هاریکاریی ئابوری پێشکەش بە ئێران بکات.
سەرۆک ترامپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ئێوارەی دووشەممە بە کاتی واشنتن، ڕایگەیاند، "ئاکسیۆس تازە بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە کە گوایە 'ترامپ' هاوکاری سوککردنی سزاکان و پارە سڕکراوەکانی پێشکەش بە ئێران کردووە. ئەمە دوورە لە ڕاستییەوە."
ترامپ دەشڵێت، "هیچم پێشکەشیان نەکردووە! بابەتەکەی ئەکسیۆس وەک زۆربەی بابەتەکانی تر هەڵبەستراوە."
ئاکسیۆس ڕۆژی دووشەممە ئەو هەواڵەی بڵاو کردەوە، تێیدا دەڵێت کە بە پشتبەستن بە کاربەدەستێکی ئەمەریکایی ئاگادار لە وتووێژەکان، زانیویەتی گفتوگۆکان لە نیویۆرک بە ئەرێنی و بونیادنەر بەڕێوە دەچن و ئێران ئامادەیی دەربڕیوە کە هاوکار بێت لە بەرنامەی ئەتۆمیدا، بەڵام ئەمەریکا گومانی لە پابەندی لایەنی ئێرانیدا هەیە و داوای هەنگاوی کرداری دەکات.
سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت هەواڵەکە دەچێتە چوارچێوەی ئەو بابەتانەی کە پروپاگەندەن دژی سەرۆکی ئەمەریکا و ئاکسیۆس پێویستە "دەستبەجێ ئەم بابەتە ساختەیە بکشێننەوە."