ماڵپەڕی ئەکسیوس ڕۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە کە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ئامادەیی نیشان داوە بۆ کەمکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران و ئازادکردنی پارە ڕاگیراوەکانیان ئەگەر ئێران هەنگاوی بەرچاو و بەرجەستە بۆ ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بنێت.
ماڵپەڕی ئەکسیوس دەڵێت بەرپرسانی قەتەر ئەمڕۆ لە نیویۆرک لەگەڵ ئیبراهیم ئەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیارێکی قەتەر و ئاماژەی بەوەدا کە هەردوولا چەند ڕۆژێکە گفتوگۆ دەکەن. دەشڵیت دواتر نێوەندگیرانی قەتەری کۆتایی ڕۆژی دووشەممە یان سێشەممە لەگەڵ سەرۆک ترامپ کۆدەبنەوە.
ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە کاربەدەستێکی ئەمەریکایی ئاگادار لە وتووێژەکان دەڵێت گفتوگۆکان بە ئەرێنی و بونیادنەر بەڕێوە دەچن و ئێران ئامادەیی دەربڕیوە کە هاوکار بێت لە بەرنامەی ئەتۆمیدا، بەڵام ئەمەریکا گومانی لە پابەندی لایەنی ئێرانیدا هەیە و داوای هەنگاوی کرداری دەکات.
هەر ئەو بەرپرسه ئاماژەی بەوەش داوە که هێشتا کێشه له نێوانیاندا هەیه و هیچ ڕێککەوتنێک بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی ئەتۆمی نابێت.