عێراق دەڵێت بارەگای سەرەکی هێزەکانی ئەمەریکای لە فڕۆکەخانەی بەغدا ڕادەست کراوە

ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراقی ئەمڕۆ دووشەممە لەزاری نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە ڕادەستکردنی بارەگای سەرەکی سەربازیی ئەمەریکای لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بە هێزە عێراقییەکان ڕاگەیاند.

لیوا سەعید مەعەن، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بە فەرمی ئەم هەنگاوەی لە کامپ ڤیکتۆریا ڕاگەیاند و وتی، "ڕادەستکردنەوەی بنکەی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و هەماهەنگی سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە کامپی بەعشیقە دوو هەنگاوی گرنگن بۆ بەهێزکردنی سەروەریی عێراق و بەهێزکردنی کۆنترۆڵی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە سەرانسەری وڵاتدا."

مەعەن وتیشی، "قۆناغێکی گرنگی بوونی سەربازی بیانی کۆتایی پێهات." ئەو لە لێدوانێکی دیکەشدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەکردووە کە پرۆسەی کشانەوە و ڕادەستکردنەوەی بنکە سەربازییەکان بەپێی پلانێکی گشتگیر بەڕێوە چووە.

هەتا ئێستا وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا هیچ پشتڕاستکردنەوە یان بەیاننامەیەکی فەرمی سەبارەت بە قۆناغی کۆتایی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا رانەگەیاندووە.

ساڵی 2024، واشنتن و بەغدا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی 30ـی نۆی 2026 وەک وادەی کۆتاییهێنان بە ئەرکی ناتۆ و بوونی هێزەکانی ئەمەریکا دیاری بکرێت.