حیزبی دێموکرات بۆ VOA: هێرشی ئێران بۆ سەر کامپی ئازادی زیانی گیانی نەبووە

دیمەنی هێرشیکی ئێران لە مانگی سێی ساڵی 2026.

بەپرسێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ دەنگی ئەمەریکا ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە هێرشە درۆنییەکەی سەریان لە سنوری قەزای کۆیە زیانێکی "گەورەی" ماڵی لێ کەوتووەتەوە، بەڵام زیانی مرۆیی نەبووە.

کاوە بەهرامی، بەرپرسی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە ڕۆژی دووشەممە، 28ـی مانگی نۆی 2027، بە سێ درۆنی جۆری حەدید هێرش کرایە سەر کەمپی ئازادی لە سنوری قەزای کۆیە، سەر بە پارێزگای هەولێر.

ئەو بەرپرسەی دێموکرات ڕایگەیاند "سەرچاوەی سەرەکی هێرشەکان، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە ئێمە هەمانە، لە دیوی ئێرانەوە بووە، لە سنوری شنۆ و پیرانشارەوە کراوە، و ئەمە دووەم هێرشە لەم مانگە دەکرێتە سەرمان."

وتیشی، "خۆشبەختانە لە هێرشەکەی ئەمشەودا جگە لە زیانی مادییەکی زۆر، زیانی گیانی نەبووە."

دەزگای ئاسایشی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکە کاتژمێر 1:40 بۆ 2:10 خولەکی بەرەبەیانی دووشەممە ئەنجام دراوە.

حیزبی دێموکرات دوای هێرشەکە بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە کە ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە یادی هێرشێکی ئێران دەکەنەوە بۆ سەر بارەگاکەیان لە بەرواری 28ـی نۆی ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان، کە تێیدا 9 کەس گیانیان لەدەست دا، لە نێوانیاندا مەلۆتکەیەکی تەمەن دوو ڕۆژ.

بە گوێرەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژ بەکۆماری ئیسلامی ئێران، لە کۆتایی مانگی دووەوە، ئێران و گروپە هاوپەیەمانەکانیان لە عێراق زیاتر لە هەزار هێرشیان کردووەتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان.

حیزبی دێموکرات دەڵێت 163 لەو هێرشانە بۆ سەر بارەگاکانیان بووە.

بەرپرسانی حزبەکانی کوردستانی ئێران دەڵێن لە هەندێک لەو هێرشانەدا چەکی قەدەغەکراوی فسفۆری بەکار هاتووە.