فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سێنتکۆم لە سەروبەندی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی لە عێراق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئیکس ڕایگەیاندووە ئەرکی هاوبەشی ئۆپراسیۆنی ئێرادەی پۆڵایین کە لە ساڵی 2014 بە ئامانجی ڕاوێژکردن و پاڵپشتیکردن و تواناسازیی هێزە هاوپەیمانەکان لە عێراق و سوریا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش پێکهێنرا، لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا توانیوێتی سەرکەوتنی بەرفراوان لە شەڕی دژی داعش بەدەستبهێنێت.
بەپێی ڕێککەوتنی واشنتن و حکومەتی فیدراڵی عێراق، بڕیارە تا 30ی مانگی نۆ هەموو هێزەکانی ئەمەریکا کە لە عێراق ماونەتەوە، ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی وردە وردەی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.
کشانەوەی ئەمەریکا کۆتایی بە بوونی سەربازی ئەو وڵاتە لە عێراق دەهێنێت کە لە ساڵی 2003 بۆ ڕووخانی سەدام حسێن هاتنەوە وڵاتەکەوە.
سێنتکۆم لە پەیامە نوێکەیدا لە ئیکس ئەمڕۆ 27ی مانگی نۆ نووسیویەتی لە ماوەی ئەو 12 ساڵەی ئامادەبوونی ئۆپراسیۆنی پۆڵایین، هەزاران ئەندامی داعش لەو ئۆپەراسیۆنەدا کوژراون یان دەستگیر کراون.
ئەم ڕێککەوتنەی واشنتن و بەغدا بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی و کۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنی ئیرادەی پۆڵایین لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان نیگەرانن لەمەڕ سەرهەڵدانەوەی نائارامی و هەروەها هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەڕێمی کوردستانی لە دوایین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز ڕایگەیاندووە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی مەترسی زیاتر دەبێتەوە. ناوبراو ئەگەری جێهێشتنی ناوچەکەی بە بەبێ سیستمی بەرگری گونجاو لە بەرامبەر هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە شەرمەزارکەر ناو بردووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئەمەریکا و ئێرانەوە، لانیکەم هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئێرانی هەرێم کوردستانیان کردووەتە ئامانج.
بارزانی هۆشداریشیداوە لەوەی کە کەمبوونەوەی ئامادەیی سەربازیی ئەمەریکا، لەکاتێکدایە کە میلیشیا شیعە بەهێزەکانی نزیک لە ئێران ڕەتیدەکەینەوە چەکەکانیان ڕادەست بکەن و وتی ئەمەش ڕەنگە مەترسی لەسەر سەقامگیری عێراق و ئۆتۆنۆمی هەرێمی کوردستان دروست بکات.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد تا شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئێران بەردەوام بێت، هەرێمی کوردستان لەژێر هەڕەشەدا دەمێنێتەوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئاماژەدان بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لە ساڵی 2011 لە سەردەمی سەرۆک باراک ئۆباما هۆشداریدا لەوەی واشنتن دەتوانێت دووبارە هەمان هەڵە بکاتەوە، دەرئەنجامێک کە بە وتەی بارزانی بۆشاییەکی ئەمنی دروستکردووە کە ڕێگەی بۆ سەرهەڵدانی داعش خۆشکردووە.
ئەمەریکا لە ساڵی 2014 گەڕایەوە عێراق بۆ سەرکردایەتیکردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش. هاوپەیمانییەکە لە ساڵی 2018دا شکستی وشکانی داعشی ڕاگەیاند.
بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە ئەگەر دۆخی ئەمنی خراپتر بێت، ڕەنگە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچاربێت بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هاوکاری سەقامگیرکردنی ناوچەکە بکات، بەڵام وتی باشترە پێش ئەوەی دۆخەکە خراپتر بێت، ئەوە بکرێت.