هۆشداریی ئاگادارکردنەوە لە دەوروبەری ئەو بنکەیەی ئەمەریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران لە بەریتانیاوە بەکاری دەهێنێت

پۆلیسی بەریتانیا ڕۆژی یەکشەممە چەند کەسێکی بە گومانی تاوانەکانی پەیوەند بە ئەنجامدانی تەقاندنەوە لە نزیک بنکەیەکی ئاسمانی فێرفۆرد کە ئەمەریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی لە ئێران بەکاری دەهێنێت، دەستگیرکرد.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە شارەزایانی لەکارخستنی بۆمب لە سوپای بەریتانیا دەستیان داوەتە پشکنینی ئۆتۆمبێلەکان لەو ناوە و داوایان کردووە چەندین ماڵ لەو نزیکانە چۆڵبکرێن، ئەمەش داوای بڵاوبوونەوەی هوشدارییەکان سەبارەت بە ئەگەری "ڕووداوێکی گەورە" لەو نزیکانە.

حکومەتی بەریتانیا کە ڕێگەی بە ئەمەریکا داوە لە بنکەی هێزی ئاسمانی شاهانەی فێرفۆرد کەڵک وەربگرێت بۆ هێرشکردنە سەر ئەو مووشەکانەی ئێران کە لە دژی کەشتییەکانی تەنگەی هورمز بە کاری دەهێنێت، ڕایگەیاندووە ئەندی برنهام، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە دوایین پێشهاتەکان ئاگادارکراوەتەوە.

سوپای پاسدارانی پێشتر هۆشداری دابوو کە هەر بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت، دەبێتە "ئامانجێکی شەرعی" بۆ ئەو وڵاتە.


شایەتحاڵێکی ڕووداوەکە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە پۆلیس ڕێگاکانی چوونە ژوورەوەی دەروازەی سەرەکی بنکەکەیان داخستووە و ئامێر و ئۆتۆمبیلی لە بەردەم دەروازەکانی چوونە ژوورەوەی بنکەکە داناوە. هەروەها داوا لە دانیشتوانی گوندێکی نزیک بنکەکە لە خەو هەڵسێنراون و داوایان لێکراوە کە ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.

نزیکەی 30 ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری کە بریتی بوون لە ئۆتۆمبێلی پۆلیس و ئەمبولانس و ئاگرکوژێنەوە لە گوندی فێرفۆرد لە نزیک بنکەکە جێگیر کراون و کۆپتەرێکیش بە ئاسمانەوە دەفڕی.

چەندین دەزگای ڕاگەیاندنی بەریتانیا لەوان بی بی سی و سکای نیوز بڵاویان کردووەتەوە کە هێزەکانی دژە تیرۆر لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکەی نزیک بنکەی ئاسمانی فێرفۆرد گرتووەتە ئەستۆ.

پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "دوای ڕاپۆرتێک لەسەر ڕووداوێکی گرنگ، لە ئێستادا ژمارەیەک ماڵ لەو ناوە چۆڵکراون، ئەمەش دوای دەستگیرکردنی ژمارەیەک کەس بە گومانی ئەنجامدانی تاوان بەپێی یاسای مادە تەقەمەنییەکان".


پۆلیس ئاماژەی بەوەشکردووە ژمارەیەک ئۆتۆمبێل لەلایەن تیمی لەکارخستنی بۆمب و تەقەمەنییەوە پشکنینیان بۆ دەکرێت.

پۆلیس دەڵێت پێیان وایە ئێستا دۆخەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە.

حکومەتی بەریتانیا ڕایگەیاندووە تا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکان نەگەنە ئەنجام، هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو ڕووداوە نادا.

وتەبێژی هێزی ئاسمانی ئەمەریکاش ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ڕێوشوێنە ئەمنییە تایبەتەکانی بنکەکە بدات.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاندووە "یەکەی پشتیوانی 501 و یەکەکانی دیکەمان لە بەریتانیا لە ئامادەباشیدا ماونەتەوە و ڕێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر بۆ دڵنیابوون لە پاراستن و ئاسایشی سەربازەکانمان و کارمەندانی مەدەنی و خێزانەکانیان."

میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردووەتەوە ڕێوشوێنە ئەمنییەکانیش لە بنکەی دیکەی ئەمەریکا لە وڵاتەکەدا زیاد کراون،ئەمەش دوای نیگەرانییەکان سەبارەت بە کردەوەی خراپەکارانەی وڵاتانی بیانی لەو وڵاتە.

وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، ئێران و ڕوسیای تۆمەتبار کرد بەوەی کە بە ڕێگەی لایەنەکانی دیکە چالاکیی تاوانکاری لەسەر خاکی بەریتانیا ئەنجام دەدەن.

سەرەتای ئەم مانگە ڕاگەیاندرا کە بنکە و دامەزراوە سەربازییەکانی بەریتانیا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 300 جار لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کراونەتە ئامانج.

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ئاماژەی بەوە نەکردووە کێ بەرپرسیارە لەو هێرشانە، بەڵام بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارانە لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ئەورووپا هۆشدارییان داوە لە زیادبوونی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە گومانلێکراوەکانی ڕووسیا لەسەر خاکەکەیان.