تۆنی بڵێر: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئیرادەی ترامپ بۆ بەئەنجامگەیاندنی شەڕەکە تێنەگەیشتووە

سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئیرادەی سەرۆکی ئەمەریکای بۆ بە ئەنجام گەیاندنی شەڕەکە تێنەگەیشتووە و بە کەم سەیری دەکات.

تۆنی بڵێر ڕۆژی شەممە بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاند "ئەگەر لە سەرەتای ئەم شەڕەدا خۆڕاگری کۆماری ئیسلامی ئێران بە کەم سەیر کرابێت، ئەوا پێموایە ئێستا خودی کۆماری ئیسلامی ئیرادەی سەرۆک ترامپ بۆ بەئەنجام گەیاندنی شەڕەکە بە کەم سەیر دەکات و لێی تێنەگەیشتووە چەندە جدییە."

سەرۆک ترامپ ڕۆژی سێ شەممە لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند "بڕیارێکی گەورەم هەیە بیدەم، ئایا لەگەڵ ئێران ڕێککەوتنێک دەکەم کە ڕێگەیان پێبدات وڵاتەکەیان ئاوەدان بکەنەوە، یان کۆماری ئیسلامی لەناو دەبەم؟ ئەو پێشنیاری حەوت ڕۆژەی کۆماری ئیسلامی بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمزی ڕەتکردەوە و بە قبووڵنەکراو ناوی برد.

بڵێر وتی "مشتومڕەکان لەسەر ئەوەی کە ئایا دەستپێکردنی شەڕەکە دروست بووە یان نا، هێشتا باسێکی کراوەیە" و وتیشی "تازە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گەڕاومەتەوە و چیتر ئەو ناکۆکییە نابینم لەسەر ئەوەی کە شەڕەکە دەبێت بەردەوام بێت تا ئامانجەکانی بەدی دەهێنرێن."

بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا ئەم ئامانجانە تەنیا کردنەوەی تەواوەتی تەنگەی هورمز نییە، بەڵکو مەسەلەکە دڵنیابوونە لەوەی کە ئێران ناتوانێت توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت و وتی ئەگەر توانای وەها بەدەستبهێنێت، تەواوی ناوچەکە ناسەقامگیر دەبێت و خواستەکان بۆ پەرەسەندنی چەکی ئەتۆمی زیاد دەبن.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاندووە پشکنەرەکانی هێشتا دەستیان بە کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی کۆماری ئیسلامی نەگەیشتووە و تا ئێستاش ڕوون نییە کە لەو 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمەی کە تا 60 لەسەد پیتێنراوە چەندی ماوە و لە کوێیە.

بڵێر دانوستانەکانی ڕەت نەکردەوە و وتی "بێگومان پێویستە دانوستان بکەین، ئەگەر ئەم پرسە بە دانوستان چارەسەر بکرێت، زۆر باش دەبێت. بەڵام ئێرانییەکان پێویستە ئەوە بزانن کە هێڵ و سنورێک هەیە و دەبێت ئەو هێڵە جێبەجێ بکرێت."

بڵێر سەبارەت بە دۆخی ئابووری وتی "ئابوری ئێران لە دۆخێکی زۆر قورس و دژواردایە."

سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا بەرگری لە بڕیارەکەی لەندەن کرد بۆ ڕادەستکردنی بنکەکانی بە ئەمەریکا و وتی کاتێک هاوپەیمانێک کە بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشتدا یارمەتیت دەدات، "ژیرانەیە یارمەتیان بدەیت."