ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو: ئێران دەیان مامۆستا و خوێندکاری سزا داوە

خانمێک کە لە خۆپیشاندانەکانی واشنتن دی سی بەشدار بووە لە دژی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بۆنەی دەستپێکردنەوەی ساڵێکی نوێی خوێندن ئامارێکی سەبارەت بە دەستگیرکردن و سزادانی خوێندکاران لە پاییزی ساڵی ڕابردووەوە بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ژمارەی کارەساتبار دەبینرێن.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو حکوومەتی ئیسلامیی ئێران جگە لە دەستگیرکردنی 59 مامۆستا، 315 قوتابیی خوار هەژدە ساڵیان دەستگیر کردووە.

ئەوەی مایەی سەرنجە لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەیە کە 88 لەو منداڵانە کوردن کە دەکاتە نزیکەی 28%ی دەستگیرکراوان. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەپێی سەرچاوەکان نەتەوەی کورد کەمتر لە 15%ی دانیشتووانی ئێران پێک دەهێنێت.

هەنگاو نووسیویەتی کە لانیکەم 8 لە منداڵانی دەستگیرکراو سزایان لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەسەردا سەپێندراوە.

ئەم ئامارانە لە کاتێکدان کە زۆرینەی وڵاتانی جیهان داوا لە ئێران دەکەن بۆ ئەوەی ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت. بەڵام دوای جەنگی نێوان ئەو وڵاتە و ئەمەریکا-ئیسرائیل، مافی مرۆڤ لە ئێراندا پێی ناوەتە قۆناغێکی کارەساتبارەوە.