وەزارەتی پێشمەرگە: هاوکارییە داراییەکانی هاوپەیمانان ڕاگیران

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان فەریق ڕوکن بەختیار محەمەد سدیق ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە هاوکارییە داراییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە ڕاگیران.

بەختیار محەمەد بۆ ئاژانسی هەواڵیی عێراق گوتی کاتی هاوکارییە داراییەکان کۆتایی هاتووە و کاتەکە نوێ نەکراوەتەوە. دواتر هەمان زانیاری بۆ دەنگی ئەمەریکا پشڕاست کردەوە.

هەروەها گوتی کە کۆتا بڕی هاوکارییەکان بۆ مانگەکانی حەوت و هەشت دابەش دەکرێت و لە ئیتر داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەن کە موچەی پێشمەرگە بۆ مانگەکانی داهاتوو دابین بکات.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ ماوەی زیاتر لە دوازدە ساڵ هاوکاریی دارایی و لۆجیستی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانیان دەکرد و چەندین جار داوای یەکگرتنەوەی هێزەکانیان کردبوو.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕۆژی 21ی مانگی نۆی ساڵی 2026دا بە شێوەیەکی فەرمی یەکیان گرتەوە و هێزەکانی حەفتا و هەشتای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چوارچێوەی هێزەکانی دەڤەری یەک و دەڤەری دوو دابەش کرانەوە.

بەڵام بەشێک لە چاودێران ڕەخنە دەگرن و پێیان وایە کە یەکگرتنەوەکە تەنیا بانگەوازێکە و لە واقیعدا هیچ یەکگرتنەوەیەک لە ئارادا نییە.