سوپاسالاری تورکیا و پاکستان سەردانی سعودیە دەکەن

بەرپرسانی سەربازیی تورکیا و پاکستان سەردانی سعودیە دەکەن، پاش ئەوەی حکومەتی سعودیە داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کرد بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هاوبەشیان، لە کاتێکدا ئاڵۆزییەکانی پەیوەست بە حوسییەکانی یەمەن بەردەوامن.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕۆژی هەینی ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە سوپاسالاری وڵاتەکە، سەلجوق بەیرەقدارئۆغڵو، لە سعودیە دەبێت. هەروەها میدیا جیهانییەکان ئاماژەیان کرد بە گەشتی عاسم مونیر لە پاکستانەوە بەرەو سعودیە.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا حوسییەکان چەندین هێرشی فراوانیان کردووەتە سەر حکومەتی یەمەن، کە عەرەبستانی سعودی پشتگیریی دەکات، و بەردەوامیش موشەکیان ئاراستەی سعودیە کردووە . ئەو هێرشانەی حوسییەکان بوونە مایەی پەکخستنی ناردنی نەوتی گەورەترین هەناردەکاری وزە لە جیهاندا.

ئەم هەفتەیە پێکدانانە سەربازییەکان زیادیان کرد، سەرباری هەوڵەکانی کۆمەڵی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەری دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.

رۆژی پێنجشەممە حوسییەکان ڕایانگەیاند کە دەرزەنێک موشەک و درۆنیان ئاراستەی ئامانجە سعودییەکان کردووە. لە هەمان کاتدا وەزارەتی بەرگری سعودیە ڕایگەیاند شەش موشەکی بالیستی، کە لەلایەن حوسییەکانەوە هاوێژرابوون، پوچەڵ کردووەتەوە.

پاشان موفتی باڵای سعودیە، کە ترۆپکی دەستەڵاتی ئایینی میرنشینەکەیە، داوای کرد سەربازەکان ئامادەبن بۆ "گیانفیداکردن" و شەڕکردن لەدژی حوسییەکان تاوەکو ئەو گروپە لە دەستەڵات دەخەن.

لە کاتێکدا شەڕەکە بەردەوامە، رۆژی پێنجشەممە وەزیرانی دەرەوەی سعودیە و پاکستان و تورکیا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆبونەوە بۆ گفتوگۆکردن لە چوارچێوەی رێکەوتنی بەرگری کە لە مانگی هەشتدا واژۆیان کرد.

وەزیرەکان ئەو هێرشانەیان سەرکۆنە کرد کە شاری مەککە و پێگەی مەدەنی دیکەیان کردبووە ئامانج، لەهەمان کاتیشدا دووپاتیان کردەوە کە سعودیە مافی بەرگری لە خۆی هەیە.

رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا وتی کە رێکەوتنی بەرگریی، کە تیایدا هاتووە هێرش بۆ سەر هەریەک لە ئەندامان هێرشە بۆ سەر هەموویان، دەکرێت ببێتە بنەمای کۆمەکی هەواڵگری و لۆجیستی یاخود جبە و تەقەمەنی.

لە وەڵامێکی نوسراویدا بۆ گۆڤای نیوزویکی ئەمەریکایی، ئەردۆغان وتوویەتی، "هەروەها دەشکرێت کۆمەکی سەربازیی ئاڵۆزتریش بەهەند وەربگیرێت، بە گوێرەی ئاستی هەڕەشەکە."

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیاش، کە هێشتا رێککەوتنەکەی پەسەند نەکردووە، رایگەیاندا کە دەکرێت فراوانتربکرێت بۆ هاوپەیمانییەکی بەرفراوانتر "بۆ جیهانی ئیسلامی" بە ئێرانیشەوە.