هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە 24ی مانگی دوو سەبارەت بە ئاسۆی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەنگی ئەمەریکای وت دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین چی ڕوودەدات.
ئەم لێدوانە کورتەی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کاتێکدایە گفتوگۆکانی نێوان ئێران و واشنتن لە ڕێگەی نێوەندگیرانەوە بەردەوامە بۆ گەیشتنیان بە ڕێککەوتن. سەرۆک ترامپ ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کاربەدەستانی باڵای ئەمەریکا بۆ ماوەی نزیکەی سێ کاتژمێر دانوستانیان لەگەڵ شاندی کۆماری ئیسلامی ئەنجام داوە و کۆبوونەوەکەی بە زۆر باش و زۆر بەرهەمدار ناو برد.
مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاندووە دانوستانەکان لە ڕێگەی نێوەندگرانەوە بەردەوامن و جەختی لەوە کردەوە خواستی سەرەکی ئەمەریکا ئەوەیە کۆماری ئیسلامی هەرگیز نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.
تورکیا لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار پشتیوانی لە دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی کردووە و هەوڵی داوە ڕۆڵی نێوەندگیری لە کەمکردنەوەی گرژییەکان بگێڕێت.
هەفتەی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها ڕایگەیاندبوو کە چەقبەستوویی چەند مانگێک لە دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران بووەتە هۆی پەرەسەندنی ململانێکان لە ناوچەکەدا. جەختیشی لەوە کردبووە کە وڵاتەکەی لە پەیوەندیدا ماوەتەوە لەگەڵ نێوەندگیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی.