ئیسحاق دار، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی پاکستان، ڕۆژی پێنجشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە ئاسۆی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران هیوای دەربڕی کە نوێبوونەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ئاشتی و کردنەوەی ڕێڕەوە ئاوییەکان.
بەڕێز دار لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە دیدارەکەی لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لە نیویۆرک وتی " زۆر باش بوو، کۆبوونەوەیەکی باش بوو، خۆشحاڵ بووم کە برایانمان لە ئێرانەوە ناسی."
کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا گەشبینە بە دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، لە وەڵامدا گوتی"ئێمە هەرگیز هیوامان لەدەست نەداوە و بەردەوامین لە هەوڵەکانمان". بە ئاماژەدان بەو پرۆسەیەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دەستیپێکردووە گوتیشی، هیوادارە "ئاشتی بگەڕێتەوە و بە زووترین کات ڕێگاکان بە تەواوی بکرێنەوە".
پێشتر وەزیری دەرەوەی پاکستان لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەکان لە نیویۆرک لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێراندا کۆبوەوە. وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕایگەیاند کە هەردوو لایەن باسیان لە پێشهاتەکانی دوای دانوستانەکانی ئەم دواییە کردووە و بەڕێز دار جەختی لە "دیالۆگ و دیپلۆماسی و بەشداریکردنی بەردەوام" کردەوە بۆ دامەزراندنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە.
لە چەند مانگی ڕابردوودا پاکستان ناوبژیوانێکی سەرەکی نێوان ئەمەریکا و ڕژێمی ئێران بووە. لە کۆتایی مانگی سێدا شاندەکانی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی بە نێوەندگیری ئیسلام ئاباد وتووێژی درێژخایەنیان ئەنجامدا و دواتر پاکستان ڕایگەیاند کە بەردەوام دەبێت لە ئاسانکاریی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.
هەروەها پاکستان جەختی لە کردنەوەی ڕێڕەوە ئاوییەکان کردووەتەوە. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ عێراقچی، بەڕێز دار ڕایگەیاند کە تێپەڕبوونی سەلامەت و بێ پچڕانی کەشتییەکان و ڕۆیشتنی وزە بۆ وڵاتانی گەشەسەندوو و زنجیرەکانی دابینکردنی جیهانی زۆر گرنگە. لێدوانەکانی ئەم دواییەی ناوبراو لە کاتێکدایە کە سەرۆک ترامپ لەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند، بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا بۆ ماوەی نزیکەی سێ کاتژمێر لەگەڵ شاندێکی کۆماری ئیسلامی وتووێژیان کردووە. پاکستان هەروەها جەختی لە جێبەجێکردنی یاداشتنامەی ئیسلام ئاباد و بەردەوامی ڕۆڵی لە ئاسانکاری دانوستانەکانی نێوان هەردوولا کردووەتەوە.