ڕێکخراوی فڕۆکەوانی مەدەنی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، گەشتی هێڵی ئاسمانی ڤاریشی تاران بۆ دوشەنبێی پایتەختی تاجکستان، ناچار بوو بگەڕێتەوە بۆ تاران لەبەرئەوەی مۆڵەتی فڕینی بەسەر ئاسمانی تورکمانستاندا پێنەدراوە.
پێشتر لە گرتە ڤیدیۆیەکدا، کە یەکێک لە سەرنشینەکان بڵاویکردبووەوە، پیشاندەدرێت ئەندامێکی دەستەی فڕۆکەکە بەهۆی نەبوونی مۆڵەت بۆ چوونە ناو ئاسمانی تورکمانستانەوە، گەڕانەوە بۆ تاران ڕادەگەیەنێت.
لەو گرتە ڤیدیۆیەدا، کارمەندەکەی فڕۆکەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ڕێگای جێگرەوە سەرکەوتوو نەبوون و فڕۆکەکە جگە لە گەڕانەوە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەبووە.
هاوکات میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاندووە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب ( ئیمارات) لە دوای سزاکانی ئەمەریکاوە، گەشتە ئاسمانییەکانی ئێرانی ڕاگرتووە.