تورکیا لە بنکەیەکی سەربازیی لە عێراق دەکشێتەوە

تورکیا ڕەزامەندی دەربڕیوە کە وردە وردە هێزەکانی لە بنکەیەکی سەربازی ستراتیژی لە عێراق بکشێنێتەوە و ڕادەستی حکومەتی عێراقی بکاتەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و عەلی زەیدی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا دوای کۆبوونەوەیان لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، ڕایانگەیاند "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشکەوتنانەی عێراق لە ڕێگەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانەوە بەدەستیهێناوە، هێزەکانی تورکیا وردە وردە کەمپی بەعشیقە-زیلەکان ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکەنەوە."


هەروەها تورکیا و عێراق ڕێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەی تەواوی سەروەری حکومەتی عێراق لە شنگال و کۆتاییهێنان بە بوونی هیزە چەکدارەکانی دەرەوەی حکومەت.

عێراق بەڵێنی داوە ئەو هیزە چەکدارانە لە ناوچەی شنگال بکشێنێتەوە کە تورکیا بە مەترسی ئەمنی ناویان دەبات.

بنکەی ئاسمانی ستراتیجی بەعشیقە لە مێژە خاڵی ململانێی نێوان تورکیا و عێراق بووە و تورکیا هێشتا بە تەواوی لەو بنکەیە نەکشاوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی پێشتر باس لە کشانەوەی هێزەکانی کرابوو.

تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بەم هەواڵە کاردانەوەی هەبووە و نووسیویەتی مێژوو بە دەگمەن خاڵە وەرچەرخانەکانی خۆی ڕادەگەیەنێت و هەندێک جاریش ئەم پێشهاتانە وردە وردە ڕوودەدەن. باراک گەڕانەوەی زیلەکانی بۆ بەغدای لەلایەن ئەنکەرەوە وەک یەکێک لەو پرۆسانە ناو بردووە.


لە درێژەی پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم پرۆسەیە دەتوانێت هەم خزمەت بە سەروەری عێراق و هەمیش خزمەت بە ئاسایشی تورکیا بکات. هەروەها نووسیویەتی ئەوەی کە ڕەنگە لە دوورەوە وەک پشێوی دەرکەوێت، لە ڕاستیدا دەتوانێت نیشانەیەک بێت بۆ هەوڵی ناوچەکە بۆ بۆ کەوتنە سەر ڕیگایەکی رێک و پێک لە ڕێگەی میکانیزمەکانی خۆیەوە.

تورکیا لە ساڵی 2015 ەوە هێزی سەربازیی لەو بنکەیە دامەزراند، ئەمەش بە بیانووی شەڕ دژی داعش و هاوکاریکردنی بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ناوچەکە.