وەڵامی ڕوبیۆ بۆ پزشکیان: کۆماری ئیسلامی گەورەترین پێشێلکاری نەزمی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤە و ناتوانێت بانگەواز بۆ کەسانی دیکە بکات

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە، 23ی مانگی نۆ لە پەراوێزی 81هەمین کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاردانەوە بە قسەکانی مەسعود پزشکیان، سەرۆکی کۆماری ئێران، ڕێژیمی ئێرانی بە گەورەترین پێشێلکاری نەزمی نێودەوڵەتی ناوبرد و وتی "نازانم چۆن دەتوانن بانگەشەی مافی مرۆڤ بۆ کەسانی دیکە بکەن؟"

لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرێکدا سەبارەت بە وتارەکەی پزشکیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوبردووە، ڕوبیۆ وتی "بە کوشتنی دەیان هەزار ئێرانی لە ناڕەزایەتییەکان، پشتیوانی دارایی لە گرووپە تیرۆریستییەکان، هێرشکردنە سەر هەموو دراوسێکانی و دامەزراوە وزەیەکانیان و سەرپێچیکردن لە بڕیارنامە ئەتۆمییە نێودەوڵەتییەکان، کۆماری ئیسلامی گەورەترین پێشێلکاریی نەزمی نێودەوڵەتییە لە جیهاندا."

وتیشی "نازانم رێژیمی ئێران چۆن دەتوانێت بانگەشە بۆ کەسانی دیکە بکات سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ، لە کاتێکدا خۆی بەردەوام یاسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکان پێشێل دەکات؟"

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی بە کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی ئێران و پێشێلکردنی سەروەری وڵاتانی دراوسێ و گوێ نەدان بە یاساکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ مافێکی نییە بۆ لێدوان لەسەر ئەم بابەتانە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەگەڵ پەیامنێران، ڕوبیۆ ڕایگەیاند یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد "لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پێشێلکرا و لەناوچووە."

وتیشی کێشەی بنەڕەتی ئێمە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ئەوەیە کە نازانین ئەوان دەیانەوێت وەک وڵات بن یان دەیانەوێت وەک شۆڕش بمێننەوە، ئەگەر بیانەوێت شۆڕش بن و شۆڕشەکەیان هەناردە بکەن و زاڵ بن بەسەر وڵاتانی دیکەدا، ئەوە کێشەیە، بەڵام ئەگەر بیانەوێت وەک وڵاتێک مامەڵە بکەن، دەتوانین بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین.

لە هەمان کاتدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بڕیاردەرانی کۆتایی لە ئێراندا بە کەسانێک زانی کە "باوەڕیان بە شۆڕش هەیە نەک وڵات" و ڕایگەیاند کە کێشەی حکومەتی ئێران وردە وردە لەمەوە سەرچاوە دەگرێت. وتیشی "سەرەڕای ئەم کێشەیە، دەستبەرداری هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن نابین."

ڕوبیۆ لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە دانوستانەکانی ڕۆژی سێشەممەی ئەمەریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی وتی "دانوستانەکانی دوێنێ لەگەڵ هەندێک لەو نیوەندگیرانە بوو کە لەم پرۆسەیەدا بەشدارن؛ درێژەپێدەری دانوستانەکانی پێشووە. بەڵام نامەوێت وەک هەنگاوێک بە ئاراستەیەکی دیکە ناوی ببەم."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە ڕێگای باشووری تەنگەی هورمز کراوەیە و ڕۆژانە نەوتی زیاتر بەو شوێنەدا تێدەپەڕێت. ئاماژەی بەوەشکرد مینەکان پاککراونەتەوە و ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێت، لەکاتێکدا ئەمەریکا تەقەمەنی و چەکی پێویستی هەیە بۆ پێشخستنی ئامانجەکانی لەدژی ڕێژیمی ئێران.