ئەسۆشێتد پرێس: ڕاوێژکارانی سوپای پاسداران ڕێنمایی پێشڕەوی حوسییەکان دەکەن لە بەرەکانی شەڕ

ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس بڵاویکردووەتەوە ڕاوێژکارانی سوپای پاسداران لە بەرەکانی شەڕدان لەگەڵ حوسییەکان و رێنماییان دەکەن بۆ پێشڕەوی کردن بە درێژایی کەنارەکانی دەریای سووری یەمەن.

ئاژانسەکە لەسەر بنەمای چاوپێکەوتن لەگەڵ 10 بەرپرسی سەربازی بڵاویکردووەتەوە حوسییەکان لە ماوەی کەمتر لە 48 کاتژمێردا دەستیان بەسەر کەنارەکانی دەریای سووردا گرتووە و لە ژێر دەستی هێزەکانی حکومەتدا دەریانهیانوە.

بەرپرسێکی باڵای حوسییەکان ڕایگەیاندووە ڕاوێژکارە ئێرانییەکان پێشتر تەنیا سەرنجیان لەسەر پلاندانانی ستراتیژی بووە و لە مەیدانەکەدا ئامادە نەبوون، بەڵام ئێستا لە هەموو ئاستەکاندا ئامادەن، لەوانەش داڕشتنی مانۆڕی تاکتیکی و کارکردن لەگەڵ فەرماندەکانی هێڵی پێشەوە.

ئاسۆشێتد پرێس هەروەها نووسیویەتی ئامادەبوونی ڕاوێژکارانی سوپای پاسداران لەم ئۆپەراسیۆنانەدا، ڕاستەوخۆترین دەستێوەردانی ئێران بووە بۆ پشتیوانی لە حوسییەکان لەوەتای شەڕی ناوخۆی یەمەن لە ساڵی 2014ەوە دەستیپێکردووە.

موزاحیم ئەلسەڵوم، شرۆڤەکاری ئەمنی دەڵێت جگە لە ڕۆڵی فەرماندەیی، ڕاوێژکارە ئێرانییەکان شیکارییان بۆ پەیوەندییەکان و هەواڵگری مانگی دەستکرد کردووە، توانایەک کە حوسییەکان نەیانبووە. بە وتەی ناوبراو کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ڕابردووەوە مەشق و پاڵپشتی لۆجستیکی بۆ حوسییەکان لە بواری مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان زیاد کردووە.