ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا وتی ئەگەر ڕێککەوتنە ئەمنییەکان لەگەڵ ئیسرائیل سەرکەوتوو بن، هەردوو وڵات دەتوانن بچنە نێو ئاشتییەکی هەمیشەییەوە.
سەرۆکی سوریا ڕۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئەتلانتیک لە نیویۆرک ڕایگەیاند ئیسرائیل دەبێت سەرەتا لەو ناوچانەی باشووری سووریا بکشێتەوە کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد تێیدا جێگر بووە و ئاماژەی بەوەشکرد لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا هەردوو وڵات گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان ئەنجامداوە.
شەرع وتی "ئەوکات دەچینە ناو گفتوگۆ سەبارەت بە ڕێکخستنە ئەمنییەکان، ئەگەر ئەو ڕێکخستنانە سەربکەون، دەتوانین بچینە ناو ئاشتییەکی هەمیشەییەوە." وتیشی "بەرزاییەکانی جۆلان خاکی سوریایە و نەتەوە یەکگرتووەکان دان بەم شتەدا دەنێت و هیچ قسەیەک لەسەر ئەمە نییە."
سەرۆکی سوریا هەروەها ڕایگەیاند هێرشی حەوتی ئۆکتۆبەری حەماس نابێت سیاسەتی ئیسرائیل لە بەرامبەر سوریا دیاری بکات.
وتی "من تێدەگەم لە 7ی ئۆکتۆبەر چی بەسەر هەندێک کەسی بێتاواندا هات، بەڵام ناتوانرێت هەموو سیاسەتەکان لەسەر بنەمای ئەوەی ڕوویدا بنیات بنرێت، لە هەمان کاتدا پێویستە لەوە تێبگەین کە لە غەززە چی ڕوویداوە کە زیاتر لە 70 هەزار کەس کوژراون."
وتیشی "ئیسرائیل دەبێت سیاسەتی خۆی بگۆڕێت، چونکە کێشە بۆ دەوروبەری دروست دەکات، من باوەڕم وایە کێشەکە لەگەڵ ئیسرائیلدایە نەک لەگەڵ سوریا."