سەرۆک ترامپ: شاندی ئێران لە ئەمەریکا دەرفەتی باشیان بۆ ڕێککەوتن لەبەر دەستە

سەرۆکی ئەمەریکا ئێوارەی سێشەممە لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی عەرەب و تورکیا لە نیویۆرک ڕایگەیاند شاندی دانوستانکاری ئەمەریکا و ئێران گتوگۆیان ئەنجام داوە بۆ ڕێککەوتن و "دەرفەتی باش" بۆ چارەسەری ئاشتیانە هەیە.

هاوکات سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی لەناوبردنی کۆماری ئیسلامی کرد لە ئەگەری ڕێکنەکەوتن.

سەرۆک ترامپ لە کۆبوونەوەکەدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "سیتڤ ویتکۆف و جێرێد کوشنەر کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمداریان لەگەڵ شاندی دانوستانکاری ئێران هەبوو...دانوستانکارانی ئێران دەرفەتی باشیان هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، بەڵام با بزانین چی دەبێت."

سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردەوە لەوەی ئەمەریکا ڕێگە بە ئێران نادات ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی.

هەروەها هەڕەشەی تەقاندنەوەی کێوی کۆلانگی کرد لە نزیک نەتەنزی ئێران، لە ئەگەری هەبوونی چالاکی پەیوەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم لەو ناوچەیە.

لە کۆبوونەوەکەی سەرۆک ترامپ لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، جگە لە سەرکردەی وڵاتانی کەنداو، هەریەک لە سەرۆکی تورکیا و سەرۆکی ئوردن و سوریا و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بەشداربوون.

ترامپ بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی "هەندێک لە گەورەترین و نزیکترین هاوپەیمانانی ئەمەریکا" ناوبرد و ستایشی کردن بەوەی "وەبەرهێنانی زۆریان لە ئەمەریکا کردووە."

ساتی بەیەکگەیشتنی سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆکی سوریا لە کۆبوونەوەی نێوان ئەمەریکا و وڵاتانی کەنداو.

سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند، "21 تریلۆن دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمەریکا کراوە و بەشداربووانی ئەم کۆبوونەوەیە بەشێکی گەورە لەو وەبەرهێنانە پێکدەهێنن."

دیدارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە لە پەراوێزی 81ـەمین کۆبوونەوەی گشتی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان هات کە لە ئێستادا لە شاری نیویۆرک بەڕێوە دەچێت و هەتا 28ـی مانگ بەردەوام دەبێت.

سەرۆکی ئەمەریکا لە پاڵ سەرکردەکانی ئوردن و تورکیا و عێراق دانیشتووە.

دۆناڵد ترامپ بەرەبەیانی سێشەممە دوای پێشکەشکردنی گوتارێک لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەگەڵ ڤلادیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کۆ بووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا گوتی کە ''ئەمڕۆ بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لەگەڵ شاندی ئێرانی کۆ بووینەتەوە.''

لە ئێستادا شاندی ئێران بە سەرکردایەتی سەرۆکی ئەو وڵاتە، مەسعود پزیشکیان، بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرکە. بڕیارە پزیشکیان ڕۆژی چوارشەممە وتاری ئێران لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەش بکات.