ڕۆیتەرز: فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر خرایە خوارەوە

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاسایشییەکانی عێراق بڵاویکردووەتەوە ڕۆژی یەکشەممە 20ی مانگی نۆ سیستمی بەرگری ئاسمانی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕێگری لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کردووە و خستووەیەتییە خوارەوە.

میدیا نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانیش تەقینەوەکەیان پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام زانیارییەکانیان لەبارەی ئەو تەقینەوەیەوە نەخستووەتەڕوو.

ڕووداو نووسیوەیەتی سەرچاوەیەکی ئاسایشی بەو ئاژانسەی ڕاگەیاندووە تەقینەوەکەی نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، تەقینەوەی تەقەمەنییەکی نەتەقیو بووە، نەک هێرشێکی سەربازی و هیچ زیانێکی مادی و گیانیشی لێنەکەوتووەتەوە و کونتڕوڵکراو بووە.

هەروەها دەزگای دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ڕوونی کردەوە تەقینەوەکە بەهۆی مەشق و ڕاهێنانی سەربازی و چالاکییەکی ئەمنییەوە ڕوویداوە و هیچ مەترسییەک بۆ سەر هاووڵاتیان لەئارادا نییە.