وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند ئەنکەرە شانبەشانی وڵاتانی دیکە کار لەسەر پێشنیارێکی نوێ دەکات کە ئامانج لێی گەیاندنی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامییە بە ڕێککەوتن بۆ کۆتایی هێنان بەو ململانێیەی نێوانیان.
هاکان فیدان بە تۆڕی ئێن تی ڤی تورکیای ڕاگەیاند تورکیا و وڵاتانی دیکە کۆمەڵێک پێشنیار دەخەنە ڕوو و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ دڵنیابوون لەوەی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران ئەنجامی هەبێت.
فیدان وردەکارییەکانی سەبارەت بەو پێشنیارانە نەخستەڕوو، بەڵام وتی متمانە لە نێوان واشنتن و تاران نەماوە.
وتیشی "بێمتمانەیی قووڵ لەنێوان لایەنەکاندا هەیە، لەئێستادا هەردوولا بەئاشکرا هەوڵدەدەن ئەم پرۆسەیە بەشێوەیەک بەرەوپێش ببەن کە لەخزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا بێت."