ڕۆژی یەکشەممە کاتژمێر 8ـی ئێوارە بە کاتی ئامەد، یانەی ئامەدسپۆر میوانداری یانەی بێشکتاش دەکات، لە چوارچێوەی یارییەکانی خولی نایابی تورکیادا.
ئەم یارییە بۆ هەردوو یانە چارەنووسساز دەبێت و یانەی سەرکەوتوو شوێنی خۆی لە پلەی دووهەمی ڕیزبەندییەکەدا پتەو دەکات، لە دوای یانەی گەڵاتەسەرای. لە یاریی پێشتردا ئامەدسپۆر 5-0 لە باشاکشەهیری بردەوە و هەروەها یانەی بێشکتاش 3-0 لە یانەی دۆڵمەباهچەی بردەوە.
یارییەکە لە شاری ئامەد لە یاریگای دیاربەکر بەڕێوە دەچێت و چاوەڕێ دەکرێت ژمارەیەکی زۆری هاندەرانی ئامەدسپۆر تێیدا ئامادە بن. هەروەها بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە کەناڵی بی ئن سپۆرت یەک (beIN SPORTS 1) دەگوازرێتەوە.
یانەی ئامەد سپۆر لە پێگەی فەرمیی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی ''ئایا ئێوە ئامادەن؟''
لە بەرانبەردا یانەی بێشکتاش نووسیویانە ''بێشکتاشەکەمان لە دیاربەکرە!''
ئەمە لە مێژووی تورکیادا بۆ یەکەم جارە کە لە خولی نایابی تورکیادا یانەیەکی کوردی بە ڕەمزە کوردەوارییەکانەوە بەشداری بکات.
هەتا هەفتەی شەشەم یانەی ئامەدسپۆر ئاستێکی بەرزی وەرزشی نیشان داوە و لە ڕیزبەندییەکەدا پێشی چەندین یانەی بەناوبانگی تورکی، کە بەردەوام لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا دەبینرێن، کەوتووەتەوە.
پێشتریش دەنگی ئەمەریکا خۆشییەکانی خەڵکی کوردستانی بە بۆنەی گەییشتنی ئامەدسپۆر بە خولی یانە نایابەکانی تورکیا گواستەوە.