زیاد لە ملیارێک بەرمیل نەوت بە هاوکاری ئەمەریکا لە گەرووی هورمز تێپەڕیوە

Your browser doesn’t support HTML5

فەرماندەی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند هێزەکانی ئەمەریکا لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕێڕەوی سەلامەتیان بۆ هەزاران کەشتی لە گەرووی هورمز دابین کردووە، لە کاتێکدا گەمارۆی دەریایی بۆ سەر ئێران بەردەوامە.

براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم، ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، "هێزەکانی سێنتکۆم پشتیوانی زیاتر لە یەک ملیار بەرمیل نەوتی خاو بوونە بۆ پەڕینەوە لە کەنداو. واتە یەک ملیار بەرمیل نەوتی خاو لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە دەرچووە."

ئەدمیرال براد کوپەڕ ئاماژەی دا کە لە دوو مانگی ڕابردوودا هێزەکانی ئەمەریکا زیاتر لە 2 هەزار کەشتیی بازرگانییان پاراستووە و ڕێڕەوی سەلامەتی هاتووچۆیان بۆ دابین کردوون.

گوتیشی، "بەڕوونی دیارە کە کاریگەرییەکانمان فراوان دەبێت و ڕێگە سەرەکییەکانی گەرووەکە لە مین پاک دەکرێنەوە و هەزاران کەشتی بەو گەروەدا تێپەڕیون."

فەرماندەی سێنتکۆم جەختی کردەوە لە کاریگەری گەمارۆی سەر ئێران، کە "بەهۆی گەمارۆ ئاسنینەکەمانەوە قەترەیەک نەوتی هەناردە نەکردووە."

براد کوپەر ڕایگەیاند کە قەبارەی گواستنەوەی باری نەوتی خاو و گازی سروشتی لەم دوو هەفتەیەی ڕابردوودا زیاترە لە هەر کاتێک لە شەش مانگی ڕابردوودا.

سەرەڕای ئەم پێشکەوتنە، دڵنیایی دا لە کارکردنی هاوبەشی ئەمەریکا لەگەڵ شەش وڵاتە عەرەبەکەی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو و کۆمپانیاکانی بیمە و کەشتیوانی بۆ زیادکردنی قەبارەی هاتوچۆ لە تەنگەی هورمز.

وتیشی، "لەگەڵ هەموو هاوبەشەکانی ناوچەکە کاردەکەین، بەرگری ئاسمانییان بەرز دەکەینەوە، یەکەیەکی نوێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری هاوپەیمانان پێک دەهێنین، وە گەرووی هورمز و ئاوەکانی دەوروبەری بە کراوەیی دەهێڵینەوە."