ئاسمانی ڕۆژئاوای عێراق 10 ساڵ دوای شەڕی داعش بە ڕووی گەشتە مەدەنییەکاندا دەکرێتەوە

Iraq

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، ئاسمانی ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە بەڕووی گەشتە مەدەنییەکاندا دەکرێتەوە.

لە کاتی ئاڵۆزییەکانی پەیوەست بە داعش لە ساڵی 2016، بەشی ڕۆژئاوای ئاسمانی عێراق بەڕووی گەشتە مەدەننیەکاندا داخرا و تایبەت کرا بە چالاکییە سەربازییەکان، بە تایبەت بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان دژی داعش.

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند دەستەڵاتی ناوچەکانی ئاسمانی وڵات، لە باشوری ڕۆژئاواوە بۆ باکوری ڕۆژئاوا، دەخرێتە دەست دەستەڵاتدارانی ئاسمانیی مەدەنی. ئەم بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو بەتەواوی جێبەجێ دەکرێت.

چاوەڕوان دەکرێت ئەو هەنگاوە ببێتە هۆی کارئاسانی زیاتر بۆ گەشتە مەدەنییەکانی ناو عێراق، ئەویش بە کەمکردنەوەی کۆتوبەندەکان لەسەر ناوچەی فڕین، هەروەها دەبێتە سەرچاوەی زیادکردنی داهاتی عێراق.

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و عێراقدا، بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بکشێنەوە.