ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا محەمەد ئوچوم ڕایگەیاند، عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە لیژنەی داماڵینی چەکەکانی پەکەکەدا بەشداری دەکات.
محەمەد ئوچوم لە بەیاننامەیەکدا دوێنێ پێنجشەممە ڕایگەیاند کە عەبدوڵا ئۆجەلان بەشێک دەبێت لە 'کۆمیتەی داماڵینی چەک و هەماهەنگی ستراتیژی'
ئەو لیژنەیە یەکێکە لەو چوار لیژنەیەی کە حکومەتی تورکیا بۆ ئەم پرۆسە تازەیە لەگەڵ کورد پێکی هێناوە.
سێ لیژنەکەی تر بریتین لە: لیژنەی هەماهەنگی دادوەری و یاسایی، لیژنەی بەدواداچوون و چاودێری، لیژنەی ئاشتەوایی و یەکخستنی کۆمەڵایەتی.
ئەفکان ئەلا، جێگری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)، سەبارەت بە دەستپێکردنی پرۆسەکە ڕایگەیاند، لیژنەکانی "نەهێشتنی تیرۆر لە تورکیا" دەستیان بە کارەکانیان کردووە.
چاوەڕوان دەکرێت پاش دووبارە دەستپێکردنەوەی کاری پەرلەمانی تورکیا لە سەرەتای مانگی داهاتوودا، لایەنە سیاسییەکان هەنگاوی زیاتر لەمبارەوە بنێن.