ئەمەریکا خەڵاتی 15 ملیۆن دۆلار بۆ ئاشکراکرانی شانەی دارایی سوپای پاسداران دیاری دەکات

حکومەتی ئەمەریکا خەڵاتکردنی بە بەهای 15 ملیۆن دۆلار ڕاگەیاند بۆ ئەو کەس و لایەنانەی زانیاری لەسەر تۆڕی دارایی سوپای پاسدارانی ئێران دەدەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئیوارەی پێنجشەممە بڕی خەڵاتەکەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، " سوپای پاسداران ئاڵوگۆڕی سەروەت و سامانی دیجیتاڵی بەکاردەهێنێت بۆ سپیکردنەوەی پارە و پشتیوانی تیرۆر و پاراستنی دەستڕاگەیشتنێکی نهێنی بە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی."

وەزارەتی دەرەوە دەڵێت سوپای پاسداران بە هەموو لقەکانییەوە، لە نێوانیاندا هێزی قودس، چەندین ڕێگەی جیاواز بەکار دەهێنێت بۆ دەستکەوتنی داهات، وەک پارەی کریپتۆ و پارە سپیکردنەوە لە ڕێگەی کۆمپانیای سێبەرەوە.

بەرواری 15ـی چواری 2019 وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە.