ڕووسیا و چین لە ئەنجوومەنی ئاسایش دژ بە درێژکردنەوەی کاری لیژنەی چاودێری سزاکانی سەر ئێران وەستانەوە

نوێنەری ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە ڕەخنەی توندی لە ڕووسیا و چین گرت، دوای ئەوەی ئەو دوو وڵاتە دەستەڵاتی ڤیتۆیان بەکار هێنا دژی بڕیارێکی پێشنیازکراوی ئەمەریکا بە درێژکردنەوەی دەسەڵاتی لیژنەی شارەزایانی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی.

جێنیفەر لۆسیتا، نوێنەری ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایش، ڕایگەیاند، "ئێمە سەرمان سوڕنامێنێت لە کردەی چەند ئەندامێکی ئەنجوومەن بە ڤیتۆکردنی درێژکردنەوەی ئەرکی لیژنەی پسپۆڕان."

نوێنەرایەتی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەم ڤیتۆیە هەوڵێکە بۆ نەهێشتنی چاودێری لەسەر ئەو وڵاتانەی کە هاوکاری "ئەو ڕژێمە ناپاکەیان کردووە."

بڕیاری درێژکردنەوەی کاری لیژنەکە دەنگی 11 ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی بەدەست هێنا و 2 ئەندامیش دەنگیان نەدا. بەڵام دەستەڵاتی ڤیتۆی ڕووسیا و چین ڕێگر بوو لە پەسەندکردنی بڕیارەکە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە.

ئەمەریکا هەوڵی درێژکردنەوەی دەسەڵاتی پانێڵی شارەزایانی دا، تایبەت بە لیژنەی سزاکانی 1737ـی ئەنجوومەنی ئاسایش، کە بڕیارە لە 26ـی ئەم مانگە بەسەربچێت. ئەم لیژنەیە بەرپرسە لە پێداچوونەوە بە جێبەجێکردنی سزاکان و پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی سەربەخۆ لەسەر ئەگەری پێشێلکاری و خۆدزینەوە لە سزاکان.

ئەمەریکا هۆشداری دا کە هەڵوەشاندنەوەی ئەو لیژنەیە دەبێتە هۆی لاوازکردنی چاودێری سەربەخۆ و بەڵگەدار لەسەر هاوکاری سەربازی نایاسایی و خۆدزینەوە لە سزاکانی سەر ئێران.

هەروەها ئەمەریکا ڕایگەیاند پاش ڤیتۆکردنی بڕیارەکە، دەستبەرداری هەوڵەکان دەبێت بۆ پێکهێنانی پانێڵێکی شارەزا لە لیژنەکە. لە بری ئەوە کار دەکات بۆ دانانی سەرۆکی لیژنەی 1737 و نوێکردنەوەی لیستی ئەو کەس و قەوارانەی کە سزایان بەسەردا سەپێنراوە.

هەروەها بەریتانیا نیەگەرانیی خۆی دەربڕی سەبارەت بە ڤیتۆکردنی بڕیارەکە و ڕووسیا و چین بە پاراستنی کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار کرد لە کاتێکدا ئەم ڕژێمە بەبێ هیچ پاساوێکی مەدەنی پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆمی فراوان کردووە و ڕێگری لە پشکنەرانی نێودەوڵەتی کردووە.

لەلایەکی ترەوە، ڕووسیا و چین وڵاتانی ڕۆژئاوایان بە سیاسی کردنی ئەنجوومەنی ئاسایش و خراپ بەکارهێنانی ڕێوشوێنەکانی تۆمەتبار کرد.

شایانی باسە، ڤیتۆکردنی بڕیاری پێشنیارکراوی ئەمەریکا مانای هەڵوەشاندنەوەی سزاکان بۆ سەر ئێران نییە، بەڵکو ئەوە دەگەیەنێت کە دەسەڵاتی ئەو تیمە سەربەخۆیە کە دەبوایە چاودێری جێبەجێکردنی سزاکان بکات، چیتر درێژ ناکرێتەوە.